نێودەوڵەتی – INA
سوپای کۆریای باشوور، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاشکرای کرد کە کۆریای باکوور موشەکێکی (هاوێژراوێکی) دیاری نەکراوی بەرەو دەریای زەرد، لە نێزیک کەناراوەکانی ڕۆژاوای نیمچەدوورگەی کۆریا، تەقاندووە.
سەرۆکایەتی ئەرکانی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "سوپای باکوور موشەکێکی دیاری نەکراوی بەرەو دەریای ڕۆژاوا ئاڕاستە کردووە، مەبەست لێی دەریای زەردە کە دەکەوێتە نێوان نیمچەدوورگەی کۆریا و چین".
لە سەرەتای مانگی نیساندا، پیۆنگیانگ چەندین تاقیکردنەوەی لەسەر موشەکی بالیستی کورت مەودا ئەنجامدا، بە مەبەستی پشکنینی تایبەتمەندی و هێزی کڵاوەی جەنگیی بۆمبێکی هێشوویی.
هاوکات لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا، کیم جۆنگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکوور، داوای بەهێزکردنی یەکەکانی سوپای وڵاتەکەی کرد لە هێڵەکانی پێشەوەی بەرگریدا.
سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسی