بەغدا- INA
ئەمڕۆ دووشەممە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، دەستگیرکردنی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەری لە بەغدا ڕاگەیاند.
دەزگاکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، ئاماژەی بەوە کرد: "لە پرۆسەیەکی ئەمنیی ناوازەدا، مەفرەزەکانمان لە بەغدا، هەڵکوتانە سەرێکی شەوانەیان لە ناوچەی حەبیبییە ئەنجام دا، ئەمەش لەسەر بنەمای بڕیاری دادوەریی دەرچوو لەلایەن دادگای تایبەتمەندەوە".
ئەوەشی خستە ڕوو کە "لەگەڵ بڵاوبوونەوەی فەوجی تاکتیکی - سڕیەی بەغدا لە شوێنەکەدا، تۆمەتبارەکە هەوڵی دا لە ڕێگەی سەربانی ماڵەکانەوە ڕابکات و دەربازی بێت، بەڵام هەوڵی تەکنیکیی دەزگاکە و لە ڕێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە (درۆن) کە چاودێرییان دەکرد و شوێنەکەیان بە وردی دەستنیشان کرد، وای کرد مەفرەزەکان بتوانن دەستبەجێ دەستگیری بکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد کە "تۆمەتبارەکە و تەواوی ئەو شتانەی دەستیان بەسەردا گیرابوو، بەپێی یاسا ڕادەستی لایەنە تایبەتمەندەکان کران".