بەغداد – INA – نەسار حاج
ئەمڕۆ یەکشەممە،وەزارەتی ژینگە، دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی پشکنینی ژینگەیی شەوانەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرچاوەکانی پیسبوونی کەش و هەوا لە بەغداد ڕاگەیاند، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو هەڵمەتانە بوونەتە هۆی تۆمارکردنی سەرپێچی ژینگەیی لە چەند ناوچەیەکی دەوروبەری پایتەخت.
سنان جەعفەر، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پاراستن و باشترکردنی ژینگە لە ناوچەکانی ناوەڕاست، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی، سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگە، تیمێکی هەمیشەیی بۆ پشکنینی ژینگەیی شەوانە پێکهێنراوە کە فەرمانگەی ژینگەی ناوەڕاست و بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی بەغداد و پۆلیسی ژینگە دەگرێتەوە، و بە پاڵپشتی مەیدانی هێزەکانی ئەمنی لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداد.
ئاماژەشی بەوە شکرد : کە چەند ڕۆژێکە کارەکە دەستی پێکردووە بۆ چاودێریکردنی هۆکارەکانی پیسبوونی کەش و هەوا و بڵاوبوونەوەی ئەو بۆنانەی کە لە پایتەخت هەیە، بە سوودوەرگرتن لە تۆڕی چاودێریکردن و هەستەوەری بڵاو لە پایتەخت و داتاکانی کەشوهەوا.
ووتیشی: تیمەکان ڕوویان کردە ئەو ناوچانەی کە گومانیان لێ دەکرێت چالاکیی دژ بە یاساکانی ژینگەیان تێدا ئەنجام دەدرێت، و سووتاندنی هەڕەمەکی و چالاکیی پیشەسازیی کە ڕەچاوی مەرجە ژینگەیییەکان ناکەن، تۆمار کراون.
ڕوونیشیکردەوە : هەڵمەتی پشکنینەکە ناوچەکانی باکووری بەغداد،لە تاجێ و گومێرە، و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی بەغداد، لە نەهرەوان و ئەبو سەیڵە-ی گرتەوە، کە کارگەکانی خشت و کارگەکانی ریسایکلکردنی ڕۆنیان تێدا چڕ بووەتەوە،و جەختیشیکردەوە کە سەرپێچییەکان دەستنیشان کراون و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران گیراوەتەبەر.
داواشی لە هاووڵاتییان کرد، لەرێگەی سەکۆکانی فەرمانگەی ڕاگەیاندن و هۆشیاری ژینگەیی و خزمەتگوزاری 911، سکاڵا لەسەر حاڵەتەکانی بەزاندن و تاوانە ژینگەییەکان تۆمار بکەن.