هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاندووە شەوی ڕابردوو بنکەیەکی ژێر زەوینیی ڕێکخراوی تیرۆرستی حزبوڵڵای لە ناوچەی بیقاع کردووەتە ئامانج.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل دەڵێت ئەو بنکەیە " بۆ دروستکردنی کەلوپەلی شەڕ بەکاردەهات بۆ زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی دەوڵەتی ئیسرائیل و سوپای ئەو وڵاتە لە باشووری لوبنان ".
ئیسرائیل دەشڵێت "لە ناوچەی سوریش، کە تیرۆریستەکانی ڕێکخراوەکە لەوێوە بۆ پلاندانان و جێبەجێکردنی هێرشە تیرۆریستییەکان دژ بە هێزەکانی سوپای ئیسرائیل جوڵە دەکەن، هێرش کراوەتە سەر بنکەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی حزبوڵڵا."
سوپای ئیسرائیل، ناسراو بە هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل، ڕایشیگەیاندووە لە ناوچەی غەززە هەندێک ئەندامی حەماس کە هەوڵیان دەدا "هێڵی سوور" ببەزێنن، کراونەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل لە هەژماری ئێکسیدا دەشڵێت "دوێنێ لە دوو ڕووداوی جیاوازدا، تیمی پەراشووتوانان کە لە باشووری غەززە چالاکن، ژمارەیەک تیرۆرستیان بینی کە هێڵی سووریان بەزاندبوو و بە شێوەیەک هەڕەشەی ڕاستەوخۆیان دروست کردبوو، بۆیە ئەوانەیان کردە ئامانج".
دەشڵێت "هەروەها، تیمە شەڕکەرەکانی لیوای 14ی زرێپۆش کە لە باکووری غەزە کاردەکەن، دوێنێ تیرۆرستێکیان بینی کە هێڵی سووری بەزاندبوو و لەناویان برد."
هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل دەڵێن ئەوان "لە ژێر فەرماندەیی باشووردا، بەپێی ڕێککەوتن لە ناوچەکە جێگیر کراون و بۆ لابردنی هەر هەڕەشەیەک، ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن."