بەغدا – INA– ئامنە سەلامی
وەزارەتی ناوخۆ ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٦دا زیاتر لە ٧٠ هەزار کارتی نیشتمانی و ٢٨ هەزار پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی چاپ کراون.
عەقید محەمەد عەلی حەسوون، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی و پاسپۆرت و نیشتەجێبوون بەردەوامە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی دەرکردنی کارتی نیشتمانی و پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی، جەختیشی کردەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٦دا ڕێژەیەکی بەرزی ڕاپەڕاندنی کارەکان تۆمار کراوە.
حەسوون ئاماژەی بەوەش کرد، بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی و پاسپۆرت و نیشتەجێبوون یەکێکە لە جومگە گرنگ و خزمەتگوزارییەکان کە خزمەتگوزاریی ڕاستەوخۆ پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکات، وتیشی: پێڕەوکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی نوێ و بەئەلیکترۆنیکردنی ڕێکارەکان، بووەتە هۆی خێراکردنی ڕاپەڕاندنی مامەڵەکان بە شێوەیەکی بەرچاو.
ڕوونیشیکردەوە، پرۆسەی دەرکردنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی چیتر وەک پێشتر کاتی زۆری ناوێت، ئێستا هاووڵاتی دەتوانێت لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ بۆ ٣٠ خولەکدا پاسپۆرتەکەی وەربگرێتەوە، لە کاتێکدا پێشتر ئەم پرۆسەیە هەفتانە و هەندێک جار مانگێک یان زیاتری دەخایاند.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەڕێوەبەرایەتییەکە توانیویەتی ٢٨ هەزار و ٧٣ پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی چاپ بکات، جگە لە دەرکردنی نزیکەی ٧٦ هەزار و ٥٨٨ کارتی نیشتمانیی لە ماوەی ئەمساڵدا.