بەغداد – INA
کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق ڕایگەیاند کە بەدواداچوون بۆ ونبوونی دوو کەشتی دەکات کە ئاڵای بۆلیڤیایان هەڵگرتووە، و دووپاتیشی کردەوە کە ئەو دوو کەشتییە نەچوونەتە ناو ئاوەکانی عێراقەوە.
کۆمپانیاکە لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "سەرجەم کادرەکانی لە بەشی کۆنتڕۆڵی دەریایی و ناوەندی گەڕان و ڕزگارکردن لە سنووری ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، ئەمەش دوای گەیشتنی زانیاری سەبارەت بە ونبوونی دوو کەشتی"، دووپاتیشی کردەوە کە بەشە دەریاییەکانی هیچ تەلەفۆن یان هاوارێکی هانایان (نداء استغاثة) لەو دوو کەشتییە پێ نەگەیشتووە کە ناویان (Bridge 1) و (Bridge 2)ـە و ئاڵای بۆلیڤیایان بەرزکردووەتەوە.
ڕوونیشی کردەوە کە نامەی ئەلیکترۆنی لە لایەنە ئەمنییەکانی چەند بەندەرێکی حەوزی کەنداوی عەرەبی و لە خاوەنی دوو کەشتییەکەوە پێگەیشتووە، کە داوای تێدا کراوە هەر زانیارییەک کە پەیوەندی بەو دوو کەشتییە باسکراوەوە هەبێت پێیان بدرێت، ئەمەش بەهۆی پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ ستافەکانیاندا و زەحمەتی پەیوەندیکردن پێیانەوە لە ماوەی ڕابردوودا.
کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق ڕوونی کردەوە کە "دوو کەشتییەکە نەچوونەتە ناو ئاوەکانی عێراقەوە، هەروەها بەشە دەریاییە تایبەتمەندەکان، لەوانەش کۆنتڕۆڵی دەریایی و ناوەندی گەڕان و ڕزگارکردن، چاوپێکەوتن یان هاوارێکی هانایان لە ستافی دوو کەشتییەکەوە پێ نەگەیشتووە، و هیچ زانیارییەکیان لەسەر شوێنی ئێستایان لەبەردەستدا نییە".
جەختیشی کردەوە کە "پڕۆسەکانی بەدواداچوون لە ڕێگەی سیستمەکانی شوێنپێهەڵگرتنی ئەلیکترۆنی بە مانگە دەستکردەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەڕان و ڕزگارکردن لە وڵاتانی ناوچەکەدا بەردەوامە، و هەر زانیارییەک یان پێشهاتێکی نوێ بەدەست بگات، دەستبەجێ ڕادەگەیەنرێت".