بەغدا - INA- محەمەد تالبی
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی لە گرنگی کاراکردنەوەی ئەنجومەنی پەرەپێدانی بازاڕ کردەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ئابووریی هاوچەرخ لە عێراقدا، هاوکات جەختی لە پێویستی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لە پێنج ملیۆن دۆنم زەویدا کردەوە کە بەهۆی بیابانبوونەوە زیانیان پێگەیشتووە.
ساڵح بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: مەبەست لە بەرنامەی حکومەت چاکسازیی دامەزراوەیی و دیاریکردنی ئەرکی دامەزراوەکانە بەگوێرەی میکانیزم و ئەدای کارەکانیان، چونکە عێراق خاوەنی دامەزراوەیەکی زۆرە بەڵام لاوازن، ئاماژەی بەوەش کرد کە دووبارە بونیادنانەوەی دامەزراوە عێراقییەکان پرسێکی زۆر گرنگە، چونکە قەبارەی گەورە بەبێ چاودێری دەوڵەتی عێراقی پەکخستووە.
وتیشی: دامەزراوە حکومییەکان بوونەتە بارگرانی و قەبە و فشاریان خستووەتە سەر ئابووریی نیشتمانی، بە جۆرێک دامەزراوەکانی بازاڕ لە لایەن دامەزراوە قورسەکانی دەوڵەتەوە خنكێنراون.
ئاماژەی بەوەش کرد کە چاکسازیی ئابووری لە چاکسازیی دامەزراوە کۆنەکان و یاساکانیان و ئاسانکاریی ڕێکارەکانەوە دەستپێدەکات، ڕوونیشیکردەوە کە سەرکردایەتییە گەنجەکان لە پرۆسەی چاکسازیی ئابووریدا گرنگن، چونکە خاوەن عەقڵییەتی پەرەپێدان و کرانەوە و گۆڕانکارین.
سەبارەت بە بونیادنانی ئابوورییەکی نیشتمانیی هەمەجۆر، وتی: ژیان لەگەڵ ئابووری پشتبەستوو بە داهاتی نەوت و بودجە یەکێکە لە کێشە بنەڕەتییەکان، داوای کرد کە ڕوو لە هەموو سەرچاوە نانەوتییە بەردەستەکان بکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق خاوەنی سەرچاوەی سروشتییە کە وەبەرهێنانیان تێدا نەکراوە، و ڕێگەی بە کەرتی تایبەت نەدراوە هاوپەیمانی و وەبەرهێنانیان تێدا بکات، جەختیشی کردەوە کە ئەرکی ئەمڕۆمان ئەوەیە کەرتی تایبەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بە نوێترین تەکنەلۆژیاوە هاوپەیمانی بکەن لەگەڵ ڕۆڵی حکومەت بۆ ڕاکێشانەوەی هەموو سەرچاوەکانی عێراق.
ڕوونیکردەوە کە کەرتی کشتوکاڵ خاڵی یەکەمی دەستپێکردنە لە ڕێگەی پڕۆژەی سەروەریی کشتوکاڵی و مۆڵەتە کشتوکاڵییەکانەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق خاوەنی پێنج ملیۆن دۆنم زەوییە کە بەهۆی بیابانبوونەوە زیانیان پێگەیشتووە، دەکرێت کۆمپانیایەکی هاوبەشی حکومی و ئەهلی بۆ دابمەزرێنرێت بە هاوکاری کۆمپانیا جیهانییەکان، وەک گەڕی مۆڵەتی کشتوکاڵی.
وتیشی: ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی شۆڕشێکی سەوز کە لە چوار یان پێنج ملیۆن دۆنمەوە دەستپێدەکات و ئاسایشی خۆراکی عێراق دابین دەکات.
باسی لەوەش کرد کە ئابووریی دیجیتاڵی تەوەرێکی گرنگە لە پرۆسەی چاکسازیدا، ئەویش لە ڕێگەی دروستکردنی قەوارەیەکی دامەزراوەیی بەهێز کە سەرپەرشتی هەوری دیجیتاڵی و ئاسایشی سیبرانی و ڕاکێشانی تەکنەلۆژیای نوێ بکات.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنجومەنی پەرەپێدانی بازاڕ ئەڵقەی بەیەکەوەبەستنی نێوان دەوڵەت و کەرتی تایبەتە، جەختی لە گرنگی دووبارە ناساندنەوەی ئەنجومەنەکە و کاراکردنەوەی کردەوە بۆ پشتگیریکردن لە لەدایکبوونی ئابوورییەکی هاوچەرخ لە عێراقدا