🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

سیاسەتمەدار و شارەزایان: ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران بۆ هەمەچەشنكردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت ئابووری عێراق لە قەیرانەکان دەپارێزێت

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/05/20 22:38

بەغداد – INA – نەسار حاج

سیاسەتمەدار و پسپۆڕان، ئەمڕۆ چوارشەممە، ستایشی ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی-یان کرد بۆ وەزارەتی نەوت سەبارەت بە بەرزکردنەوەی قەبارەی هەناردەی نەوت و هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن، وەک هەنگاوێکی گرنگ لە پێناو بەهێزکردنی سەقامگیری ئابووری و کەمکردنەوەی کاریگەری هەر کۆسپێک کە ڕووبەڕووی دۆسیەی هەناردەکردن ببێتەوە. جەختیشیان کردەوە کە هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت، نەرمی و توانایەکی زیاتر بە عێراق دەبەخشێت لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکاندا، هەروەها بەردەوامی لێشاوی داهاتە گشتییەکانیش دەپارێزێت.

ڕێککەوتنی پەرلەمان و حکومەت

پەرلەمانتار وەفا تائی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "ئێمە هاوڕاین لەگەڵ ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران بۆ وەزارەتی نەوت، بەو پێیەی وەزارەتەکە تەنها لایەنێک نییە بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو، بەڵکو پەیوەندیدارە بە بەدیهێنانی بەهای زیادکراو "، ڕوونیشیکردەوە: کە "ڕێنماییەکان ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی پێشکەوتوون بۆ سروشتی قۆناغی ئێستا، چونکە دەوڵەتان تەنها بە قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتەکەیان ناپێورێن، بەڵکو بە توانایان لە گۆڕینی ئەم سامانە بۆ پیشەسازی و هەلی کار و گەشەپێدانی بەردەوام دەپێورێن".

زیاتر وتی: "ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران هەنگاوێکی گرنگن بەرەو بەهێزکردنی سەقامگیری ئابووری، و هەروەها کەمکردنەوەی کاریگەری هەر کۆسپێک کە بێتە ڕێی دۆسیەی هەناردەکردن، و هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوتیش نەرمی و توانایەکی گەورەتر بە عێراق دەبەخشێت لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکاندا، و بەردەوامی لێشاوی داهاتە گشتییەکانیش دەپارێزێت".

تائی جەختیکردەوە: "ئەنجومەنی نوێنەران پاڵپشتی هەر هەنگاوێک دەکات کە بەشدار بێت لە زیادکردنی داهاتەکان و هەمەجۆرکردنی ئابووری لە چوارچێوەی دیدگایەکی نیشتمانیی لێکۆڵدراوە و هاوسەنگدا".

دانانی خاڵ لەسەر پیتەکان

لای خۆیەوە، پەرلەمانتار حامید موسەوی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی جەختیکردەوە:"حکومەتی عێراق، پەرلەمانی عێراق و پسپۆڕانی وەزارەتە جیاواز و فرەچەشنەکان، هەوڵدەدەن چارەسەری کرداری و لۆجیکی بۆ لێکەوتەکانی ڕووداوەکانی ناوچەکە بدۆزنەوە، و سوود لە هەڵەکانی ڕابردوو وەربگرن".

وتیشی: "ڕووداوەکانی ئەم دواییانە و لێکەوتەکانی شەڕی ئەمریکا و ئێران، بوونە هۆی قەیرانێکی گەورە لە ناوچەکە و بۆ عێراق، و زیانمەندی هەرە گەورەش عێراقە، بەو پێیەی حکومەتی عێراق لە داهاتە گشتییەکانیدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی پشت بە نەوتی عێراق دەبەستێت لە دەروازەکانی باشوورەوە، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بۆ ئاستێکی گەورە و مەترسیدار".

رونشیكردەوە: "سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بۆ وەزارەتی نەوت، خاڵی خستە سەر پیتەکان، کاتێک داوای لە وەزارەتی نەوت کرد کە وەزارەتێکی بەرهەمهێنەر بێت نەک وەزارەتێک تەنها بۆ فرۆشتنی نەوت، ئەمەش داواکارییەکی دروستە و ڕەنگە تاقە چارەسەر بێت بۆ دەستەبەرکردنی ئەوەی کە وەزارەتی نەوت لە وەزارەتێکی نەوت ‌فرۆشەوە بگۆڕێت بۆ وەزارەتێکی بەرهەمهێنەر".

جەختیشیكردەوە: "ئاڕاستەبوون بەرەو بەدیهێنانی بەهای زیادکراو بۆ نەوتی عێراق، و ڕۆیشتن بەرەو پیشەسازییە گۆڕاوە نەوتییەکان لە پیشەسازی پێترۆکیمیایی و پیشەسازی پەین (کیمیایی) و هتد، چارەسەرەکەیە بۆ زیادکردنی داهاتەکان، تاوەکو عێراق بتوانێت لە کەرتی پیشەسازییە گۆڕاوە نەوتییەکاندا بگات بە وڵاتانی هاوسێ لە ناوچەکەدا".

هەنگاوە گرنگەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری دارایی

لای خۆیەوە، پەرلەمانتار بورهان مەعموری ڕوونیکردەوە: "جووڵەکانی حکومەت بۆ تێپەڕاندنی کۆسپەکانی هەناردەکردنی نەوت و هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن، بە هەنگاوگەلێکی پێویست و گرنگ دادەنرێن بۆ پاراستنی سەقامگیری دارایی و ئابووری عێراق".

مەعموری بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕاگەیاند: "ڕێنماییەکەی سەرۆک وەزیران لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ وەزارەتی نەوت، ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی ڕوونە بۆ قەبارەی تەحەددییەکانی ئێستا، چ جا چ پێوەندی بە دۆسیەی هەناردەکردنەوە هەبێت یان بە لێکەوتەکانی بارودۆخی ناوچەکە لەسەر کەرتی وزە؛ بۆیە هەمەجۆرکردنی دەروازە، بازاڕ و هۆکارەکانی هەناردەکردن، بەشێکی بنەڕەتی پێکدەهێنێت لە پاراستنی ئابووری عێراق و کەمکردنەوەی کاریگەریی قەیرانە دەرەکییەکان".

وتیشی: "جەختکردنەوەی سەرۆک وەزیران لەسەر ئەوەی کە وەزارەتی نەوت تەنها وەزارەتێک نییە بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو بەڵکو وەزارەتێکە بۆ بەدیهێنانی بەهای زیادکراو ، ئاڕاستەیەکی دروست و داواکراوە؛ چونکە قۆناغی داهاتوو دەبێت پشت بە پەرەپێدانی پیشەسازییە نەوتی و پێترۆکیمیاییەکان، زیادکردنی بەرهەمهێنان، وەبەرهێنان لە غاز و زیادکردنی داهاتەکان ببەستێت، لەجیاتی ئەوەی تەنها بە هەناردەکردنی نەوتی خاو ڕازی بین".

لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد: "له هەمان کاتدا، پێویستە بەردەوامی بە پەیوەندییە سیاسی و دبلۆماسییەکان لەگەڵ هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی بدرێت بۆ ئاسانکاری لە دۆسیەکانی وزەدا و بێلایەنکردنی عێراق لە لێکەوتەکانی ململانێکان"، ڕوونیشیکردەوە کە "عێراق ئەمڕۆ پێویستی بە سیاسەتێکی هاوسەنگ، چارەسەری واقیعی و هەنگاوی ئابووری جیددی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری داهاتەکان، هاوتەریب لەگەڵ کارکردنی ڕاستەقینە بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و نەهێشتنی بە بارمتەکراوی".

ڕێڕەوە گرنگەکان بۆ بەرزکردنەوەی بەهای نەوت

لای خۆیەوە، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران مەزهەر محەمەد ساڵح جەختیکردەوە: ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا لەگەڵ سەرکردەکانی کەرتی نەوت، پشتی بە ڕێڕەوی گرنگ بەستووە.

ساڵح بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "وتار و ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا لەگەڵ سەرکردەکانی کەرتی نەوت، پشتی بە ڕێڕەوگەلێکی گرنگ بەستووە کە هاوتەریبن لەگەڵ پێویستیی بەرزکردنەوەی زنجیرەکانی بەهای زیادکراوی نەوت، وەک بنەما سەرەکی و ستراتیژییەکان بۆ بەدیهێنانی هەمەجۆریی ئابووری".

وتیشی: "نەوتی خاو، وەک بنەمایەکی مادی و سەرمایەییەکی جەوهەری، نابێت تەنها وەک ماددەیەکی خاو بۆ هەناردەکردن سەیر بکرێت، بەڵکو دەبێت وەک سەرچاوەیەکی ستراتیژی سەیر بکرێت کە دووبارە وەبەرهێنانی تێدا بکرێتەوە لە ڕێگەی فراوانکردنی بەرهەمهێنانی پێکهاتەکانی وزە و پیشەسازییە پێترۆکیمیاییەکان، بەجۆرێک کە سیاسەتی هەمەجۆرکردنی زنجیرەکانی بەهای بەرز لە کەرتی نەوتدا بەهێز بکات".

ڕوونیشیکردەوە: "پیشەسازییکردنی یەک بەرمیل نەوتی خاو دەکرێت ببێتە هۆی بەدیهێنانی بەهایەکی زیادکراو کە لە ناوەندەکەیدا یەکسانە بە بەهای حەوت بەرمیل نەوتی خاو، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گرنگییە ئابوورییە گەورەکەی تەواوکاریی پیشەسازیی نەوتی و قووڵکردنەوەی ناوەڕۆکی پیشەسازیی ناوخۆییە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "لە هەمان ئاڕاستەدا، جیهان ئەمڕۆ شاهیدی وەرچەرخانێکی تدریجییە لە کێشەکانی جوگرافیای سیاسییەوە بۆ کایەکانی جوگرافیای ئابووری. ئەگەر جوگرافیای سیاسی پرسیار بکات کە: چۆن شوێن کاریگەری لەسەر هێز و سیاسەت دادەنێت؟ ئەوا جوگرافیای ئابووری بەرەو پرسیارێک دەچێت کە زیاتر بە گەشەپێدانەوە بەستراوەتەوە: چۆن شوێن کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنان و ئابووری دادەنێت؟".

ڕێنماییەکانی حکومەت گەشەپێدانە بۆ سامانی نەوت

لای خۆیەوە، شارەزای بواری نەوت کۆڤەند شێروانی ستایشی "سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی بۆ وەزارەتی نەوت" کرد و جەختی لەوە کردەوە کە "سەردانەکە گرنگییەکی تایبەتی بۆ وەزارەتی نەوت هەیە، چونکە ئەو لایەنەیە کە سەرپەرشتی ئەو کەرتە دەکات کە ئابووری عێراق بەخێو دەکات، بەڵام کەرتی ناوبراو بەدەست ڕاگرتنی هەناردەکردن لە ڕێگەی بەندەرەکانی بەسرە، کەنداو و گەرووی هورمزەوە دەناڵێنێت".

شێروانی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕاگەیاند: "ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران خۆی لە گەشەپێدانی سامانی نەوتدا دەبینێتەوە، لەگەڵ بەدەستهێنانی داهاتی دیکە لە ڕێگەی گۆڕینی بەشێکی زۆری نەوتی خاو بۆ پێکهاتە نەوتی و فرۆشتنیان"، ڕوونیشی کردەوە کە "پێکهاتە نەوتییەکان قازانجێک بەدی دەهێنن کە هاوتای ٣ بۆ ٤ هێندەی فرۆشتنی نەوتی خاوە".

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)