بەغداد – INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دادوەر فایق زێدان، لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ عەبدولڕەحیم جاسم شەمەری، چارەسەرکردنی سەرپێچی و دەستدرێژییەکانی سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیان تاوتوێ کرد.
لە بەیاننامەیەکی ئەنجومەنی دادوەریدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت:"سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دادوەر فایق زێدان، پێشوازی لە وەزیری کشتوکاڵ، عەبدولڕەحیم جاسم شەمەری کرد. لە سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەن پیرۆزبایی لە وەزیر کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە ئەرکە نوێیەکەیدا".
بەپێی بەیاننامەکە، هەردوولا "میکانیزمەکانی هاوکاریی هاوبەشی نێوان دەسەڵاتی دادوەری و وەزارەتیان بۆ چارەسەرکردنی سەرپێچی و دەستدرێژییەکانی سەر زەوییە کشتوکاڵییەکان" تاوتوێ کردووە.