🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

ته‌واوی بڕیاره‌كانی كۆنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئەنجومەنی وەزیران

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/05/19 22:17

بەغداد - INA

ئەنجومەنی وەزیران لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆیدا کە سێشەممە بەڕێوەچوو، چەند بڕیارێکی دەرکرد؛ دیارترینیان ڕەزامەندیدان بوو لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەرانی نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و دەستەی ڕاوێژکاران، لەگەڵ نوێنەرێکی هەر وەزارەتێک بە مەبەستی تەواوکردنی بەرنامەی حکومەت و بەرزکردنەوەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەسەندکردنی، هاوکاریش پشووی فەرمی لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا ڕاگەیاند، کە لە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ئایارەوە دەستپێدەکات تاوەکو ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی ئایار بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکایەتی دووەم کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد، کە تێیدا تەواوی بارودۆخی گشتیی وڵات تاوتوێ کرا و پیاچوونەوە بەو بابەتانەدا کرا کە لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا بوون و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا".

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یندراوه‌كه‌ هاتووه‌ كه‌ "لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕێنماییدا بە خستنەگەڕی سەرجەم هەوڵەکان بۆ بەدواداچوونی چاککردنەوەی وێستگەکانی کارەبا، دابینکردنی سووتەمەنی و هەوڵدان بۆ زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی تەزووی کارەبا بە هاووڵاتیان، هەروەها پێدانی گرنگیی پێویست بە پێشوازیکردنی ڕاستەوخۆ لە هاووڵاتیان و گوێگرتن لێیان و بەدواداچوونی سکاڵاکانیان، لەگەڵ پێویستیی پێداچوونەوە بە ڕێوشوێنەکانی ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان لە فەرمانگەکانی دەوڵەتدا و کەمکردنەوەی ڕۆتین".

بەپێی راگه‌یندراوه‌، زەیدی جەختی کردەوە لەسەر "ڕاسپاردنی تیمە حکومییەکان بۆ بەشداریکردنی هاووڵاتیان لە هەڵسەنگاندنی خزمەتگوزارییە شارەوانی، تەندروستی و پەروەردەییەکان لە ناوچەکانیاندا، هەروەها چاودێریکردنی بازاڕەکان و کۆنترۆڵکردنی نرخەکان لە ڕێگەی بەدواداچوونی سەربەخۆوە، و دەستەبەرکردنی جێگیربوونی نرخی ماددە خۆراکییەکان و کاڵا پێویستییەکانی هاووڵاتیی عێراقی".

راگه‌یندراوه‌كه‌ ئاماژەی بەوەش کرد کە "لە بواری ئامادەکردنی بەرنامەی حکومەتدا بەپێی ئەو کارنامە وەزارییەی کە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر داوە، ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران، و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و دەستەی ڕاوێژکاران، لەگەڵ نوێنەرێکی هەر وەزارەتێک بە مەبەستی تەواوکردنی بەرنامەی حکومەت و بەرزکردنەوەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەسەندکردنی".

دووپاتیشی کردەوە کە "ئەنجومەن بڕیاریدا ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەو لایەنانەی بە وەزارەتەوە بەستراو نین، کارنامەی وەزاریی خستنەڕووی ورد بەپێی کاتە دیاریکراوەکانی جێبەجێ بکەن، کە وەک نەخشەڕێگا و بەڵگەنامەیەکی پەیمانبەستن وایە و جێبەجێکردنی لەسەر ئەندامانی حکومەت لە بەردەم گەل و ئەنجومەنی نوێنەراندا ناچارییە".

هەروەها هاتووە: "ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاگرتنی دەوامی فەرمی لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا لە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ئایارەوە تاوەکو ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی ئایار بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە، بە مەرجێک دەوامی فەرمی لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣١ی ئایار دەستپێبکاتەوە، هەروەک بڕیاریشیدا ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٤ی حوزەیران لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکاندا بە بۆنەی جەژنی غەدیرەوە بکرێتە پشووی فەرمی".

ئاماژە بەوەش دراوە کە "ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەیدا میوانداری سەرۆکی دەستەی دەسپاکی فیدراڵی، سەرۆکی سندوقی گەڕاندنەوەی دارایی عێراقی کرد، کە تێیدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕێنماییدا کە دەستەکە ڕاپۆرتی خولی دەربارەی دیارترین چالاکی و کارەکانی گەڕاندنەوەی دارایی دەوڵەت پێشکەش بکات، و دۆسیەی گەڕاندنەوەی پارە و تۆمەتباران بخرێتە ناو کارە لەپێشینەکانی دەستەکەوە، و سوود لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وەربگیرێت بۆ فشارخستنە سەر ئەو وڵاتانەی داڵدەیان دەدەن بە مەبەستی هاوکاریکردنیان لەگەڵ لایەنە پسپۆڕە نیشتمانییەکان و دەسەڵاتی دادوەری لەم بوارەدا".

هاوكات جەختیشی کردەوە "لەسەر دەستەکە کە بەردەوام بێت لە بواری جێبەجێکردنی حوکمڕانی ئەلیکترۆنی و وەرچەرخانی دیجیتاڵیی گشتگیر لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، وەک پێویستییەکی باڵا کە بەهۆی پێداویستییەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەسەپێنرێت".

نوسینگەکە ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی هەوڵە حکومییەکانی تایبەت بە پاراستن و باشترکردنی ژینگە و پاراستنی تەندروستی گشتی، ئەنجومەن ڕەزامەندی لەسەر ئەمانەی خوارەوە دەربڕی:

یەکەم/ ڕەزامەندیدان لەسەر پێشنیارەکانی لیژنەی نیشتمانی بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی پلاستیکی سەبارەت بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی تورەکەی پلاستیکی، کە تێیدا هاتووە - لە ماوەی ٦ مانگدا لە دەرچوونی ئەم بڕیارە - قەدەغەکردنی دابەشکردنی بێ بەرامبەری تورەکەی پلاستیکی بازاڕکردن. هەروەها قەدەغەکردنی بەکارهێنانی لە لایەن فڕنەکانەوە، و قەدەغەکردنی هاوردەکردنی، و گۆڕینی بە جێگرەوەی دۆستی ژینگە کە شیاوی شیبوونەوە بن، لەگەڵ زیادکردنی ڕسومی مۆڵەتی کار و پیشە لەسەر ئەو کارگانەی تورەکەی نایلۆن بەرهەم دەهێنن.

دووەم/ ڕەزامەندیدان لەسەر سەپاندنی ڕسومی خزمەتگوزارییە ژینگەییەکان، کە چاودێری و هەڵسەنگاندنی ژینگەیی بەرهەمهێنەرانی تورەکەی پلاستیکی دەگرێتەوە، و بەشێک لە داهاتەکانیش تەرخان دەکرێت بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژە ژینگەییەکان و بەرنامەکانی چاودێری و هۆشیاری ژینگەیی.

سێیەم/ پێکهێنانی لیژنەیەکی پسپۆڕ کە ئەرکی دارشتنی میکانیزم بێت بۆ پاڵپشتیکردن و هاندانی پڕۆژەکانی جیاکردنەوە و دووبارە بەکارهێنانەوە (ڕیسایکلین)، و گۆڕینی بۆ تورەکەی کاغەزی، و وەبەرهێنان لە پیشەسازییە کاغەزییەکاندا، و ئەنجامدانی کەمپینی هۆشیاری و ڕۆشنبیری لە لایەن وەزارەتی ژینگەوە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی مەترسییەکانی بەکارهێنانی تورەکەی پلاستیکی.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی لە ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابووری هاتووە سەبارعت بە دیاریکردنی نرخی بەرهەمی ڕۆنی بزوێنەری دیزڵ، بۆ ماوەی (٣) مانگ، بە مەرجێک وەزارەتی نەوت توێژینەوەیەکی تەکنیکی و بازرگانی لەم ڕووەوە پێشکەش بکات".

ئەوەشی خستەڕوو کە "ئەنجومەن ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی هەردوو وەزارەتی نەوت، و پیشەسازی و کانزاکان، بڕی (١) ملیۆن تۆن کبریت بە نرخی بڵاوکراوەی جیهانی بەپێی ڕێڕەو و ڕێساکانی پێوەندیداری پەسەندکراو تەرخان بکەن بۆ دانەوەی ئەو قەرزەی کە لەسەر هەردوو کۆمپانیای (کیپت و میسان) دروستبووە".

ڕوونیشی کردەوە کە "ئەنجومەن ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پەسەندکردنی ڕاسپاردەکانی تیمی دانوستانکار سەبارەت بە شایستە دارایی و کارگێڕییەکانی هەردوو گرێبەستی ئاماژەپێکراو لەگەڵ کۆماری ڤێتنام، و بەپێی ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا سەبارەت بە ڕێککەوتنەکە خرایەڕوو".

ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر پەسەندکردنی ڕاسپاردەکانی ئەنجومەنی هەماهەنگی پیشەسازی (٧ بۆ ساڵی ٢٠٢٦) دا، بە شێوەیەک کە پەسەندکردنی ڕاسپاردەکانی تیمی کاری هاوبەش لەخۆبگرێت، بۆ دیاریکردنی ئەو کارگانەی بلۆک (طابوق) کە ئامانجن لە ناوچەی نەهرەوان بۆ گۆڕینیان بەرەو بەکارهێنانی غازی شل، بۆ ماوەی یەک ساڵ لە دەرچوونی ئەم بڕیارە، لەگەڵ بەڵێندان بە گواستنەوەی کارگەکان بۆ شوێنێکی دیکە".

لە کەرتی خوێندندا، ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە بەدەرکردنی بەرنامەی ناردنی قوتابیان بۆ دەرەوەی وڵات لە دەرچووانی قوتابخانەکانی بەهرەمەندان لە عێراق کە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە جێبەجێ دەکرێت لە بڕگەی سێیەمی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران (١١ بۆ ساڵی ٢٠٢٦)، لەبەر ئەوەی وەک بەرنامەیەکی جۆری دادەنرێت کە بنەما بۆ دۆزینەوەی ناوکێکی زانستیی تۆکمە دادەنێت".

لە بواری کەرتی کارەبادا، باسی لەوە کرد کە "ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی بەرهەمهێنەری وزەی کارەبا، بە مەرجێک چوار مانگی یەکەم لە ماوەی باری لۆدی لوتکەی هاوینی ساڵی ٢٠٢٦دا بێت، و بە هەمان مەرج و هاوکێشەی نرخی پێشوو بێت، لەگەڵ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کڕینی وزە بۆ هەر ٤ مانگێک، بۆ ئەوەی لە ماوەی دابینکردنی گرێبەستەکەدا ماوەتەوە، و وەزارەتی دارایی تەرخانکردنی پێویست و تەواو بۆ کڕینی وزەی کارەبا دابین بکات".

لە هەمان چوارچێوەدا، ڕوونی کردەوە کە "ئەنجومەن ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پێدانی دەسەڵات بە وەزارەتی کارەبا بۆ واژۆکردنی پاشکۆی گرێبەستێک بەپێی ئەوەی لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە لەگەڵ کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی بەرهەمهێنەری وزەی کارەبا، بە شێوەیەک تێچووی یەکەی وزە بە نرخێکی کەمتر لە نرخی گرێبەستەکە بێت، بە گونجانی لەگەڵ نزیکترین کات بۆ خستنەگەر، لەگەڵ ڕەچاوکردنی وازهێنانی کۆمپانیاکە لە تێچووی ئەو وزە فەرمییەی کە بەردەستە و وەرنەگیراوە، و ئەو بڕە پارانەی خەرجکراون بەهۆی وەستانی ئەو بارجەیەی وزە بەرهەم دەهێنێت لە ئوم قەسڕ بەبێ خستنەگەڕ، و ئاڕاستەکردنی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکان بۆ لەنگەرگرتنی بارجەکە لە بەندەری خۆر ئەلزوبەیر بەهۆی ئامادەیی بۆری سووتەمەنی و ڕەخساندنی بواری زیاتر بۆ دابەشکردنی لۆدەکان".

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)