بەغداد - INA
وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکارە ئەمنییەکانی تایبەت بە پاراستنی هێڵی سنووری لەگەڵ سوریا ڕاگەیاند و تەواوبوونی دیوارە کۆنکرێتییەکەی بە درێژایی 380 کیلۆمەتر پشتڕاستکردەوە، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بە ئەنجامدانی 12 ئۆپەراسیۆن بۆ ڕاوەدوونانی بازرگانان و قاچاخچییەکان کرد بە هەماهەنگی لەگەڵ سوریا، کوێت و شانشینی عەرەبستانی سعوودی.
لیوا میقداد مێری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئامادەی بوو، ڕایگەیاند: "بەربەستی سروشتی جێگیرکراون، سەرەڕای دانانی 905 کامێرای گەرمی بە درێژایی سنوورەکان، و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە ئۆپەراسیۆنەکانی چاودێریکردندا".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "دیوارە کۆنکرێتییەکە بە درێژایی ناوچەی سنووری لەگەڵ سوریا بە درێژایی 380 کیلۆمەتر تەواو کراوە، و 1735 بەربەستی تێلانی گەورە (منفاخي) دروستکراون، جگە لە هەڵکەندنی خەندەقێک لەسەر سنوورەکە بە درێژایی 729 کیلۆمەتر، و بنیادنانی 1606 بورجی چاودێری".
وتیشی: "12 ئۆپەراسیۆن بە هەماهەنگی لەگەڵ سوریا، کوێت و شانشینی عەرەبستانی سعوودی بۆ ڕاوەدوونانی بازرگانان و قاچاخچییەکان جێبەجێ کراون"، ڕوونیشیکردەوە کە "لایەنەکانی هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا لە ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریدا خۆی دەبینێتەوە، بەتایبەت لەگەڵ سوریا کە گەورەترین پشکی لەم هەماهەنگییە دوولایەنەیەدا هەبووە".
ئاماژهی بۆ ئهوهیش كرد كه: "لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ بازرگانان و قاچاخچییەکاندا، شەهیدێک و 32 بریندارمان داوە".
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە "پلانی پاراستنی وەرزی دروێنەی گەنم، دابینکردنی پارێزگاری بۆ کێڵگەکان و کۆگاكانی دانەوێڵە (سایلۆکان) دەگرێتەوە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "تیمەکانی بەرگری شارستانی بە درێژایی نەخشەی وڵات بڵاوەیان پێدەکرێت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان لە ماوەی وەرزی دروێنەدا".