هەمەڕەنگ – INA
ئاژانسی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا (ناسا) پەرەپێدانی موەلیدەیەکی ئەتۆمیی نوێی کۆتایی پێهێنا، کە وزە بۆ ئەو کەشتییە بۆشاییگەرانە دابین دەکات کە لە خولگەگەلێکی دوورتر لە خولگەی مەریخدا کاردەکەن، کە لەوێدا پانێڵە خۆرییەکان لە ڕووی کردارییەوە کاراییان نامێنێت.
کۆمپانیای (L3Harris Technologies)ی ئەمریکی کە پەرەپێدەری پڕۆژەکەیە، ڕایگەیاند کە موەلیدە گەرمی-کارەباییەکەی لەسەر بنەمای ئایزۆتۆپە تیشکدەرەکان (RTGs) لە نەوەی نوێ، بە سەرکەوتوویی بەدواداچوونی یەکلاکەرەوەی پڕۆژەکەی بڕیوە؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە سیستەمەکە سەرجەم پێداویستییە تەکنیکییەکانی جێبەجێ کردووە و ئامادەیە بۆ چوونە ناو قۆناغی بەرهەمهێنانی زنجیرەییەوە.
بۆچی بۆشایی قووڵ پێویستی بە وزەی ئەتۆمی هەیە؟
شایەنی باسە، بەشی دەرەکیی کۆمەڵەی خۆر بە سەرما و سۆڵەیەکی توند و کەمبوونەوەیەکی زۆری تیشکی خۆر جیا دەکرێتەوە، بە جۆرێک کە چڕیی تیشکی خۆر لە ناوچەکانی ئۆرانۆس و نێپتۆن بە سەدان جار بەراورد بە زەوی کەم دەبێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە ناسا زیاتر لە 50 ساڵە پشت بە موەلیدە گەرمی-کارەباییەکان بە ئایزۆتۆپە تیشکدەرەکان دەبەستێت، کە کارەبا لەو گەرمییەوە بەرهەم دەهێنن کە لە ئەنجامی شیبوونەوەی سروشتیی ئایزۆتۆپی پلوتۆنیۆم-238ی تیشکدەرەوە دروست دەبێت.
پێشبینی دەکرێت موەلیدە نوێیەکە بە شێوەیەکی بەرچاو کاراتر بێت لە نەوەکانی پێشوو، چونکە لە سەرەتای تەمەنی کارپێکردنیدا نزیکەی 250 وات وزەی کارەبایی دابین دەکات. هەرچەندە ئەم توانایە بەپێی پێوەرەکانی سەر زەوی بە سنووردار دادەنرێت، بەڵام سەرچاوەیەکی وزەی گرنگە بۆ کەشتییەکی بۆشاییگەر کە لە دووریی ملیاران کیلۆمەتر لە خۆرەوە کار دەکات.
چی لە مۆدێلە نوێیەکەدا باشتر کراوە؟
ئەندازیارانی کۆمپانیاکە کاریان لەسەر پەرەپێدانی دیزاینەکە کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ بارودۆخی سەخت و ساردی بۆشایی قووڵدا بگونجێت، چونکە سیستەمە نوێیەکە بە توانایەکی باشتر بۆ بڵاوکردنەوەی گەرمی جیا دەکرێتەوە، ئەمەش دەرفەتی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبایی زیاتری ڕەخساندووە هاوشان لەگەڵ پاراستنی کێشێکی ڕێژەیی کەم؛ ئەم تایبەتمەندییەش بە تەواوی بایەخدارە، چونکە هەر کیلۆگرامێکی زیادە تێچووی هەڵدانی کەشتییەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە.
بێڵ ساک، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی پەرەپێدانی موشەک و سیستەمەکانی وزە لە کۆمپانیاکەدا ڕایگەیاند: "نەوەی نوێی موەلیدە گەرمی-کارەباییەکان بە ئایزۆتۆپە تیشکدەرەکان پێشکەوتنێکی گەورە لە بەرزکردنەوەی کاراییدا نیشان دەدات، بەوپێیەی سیستەمەکە وزەی زیاتر لە چوارچێوەی هەمان کێشدا دابین دەکات، ئەمەش هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ پاڵپشتیکردنی ئەرکەکانی گەڕان لە بۆشایی قووڵدا".
موەلیدە نوێیەکە بەرەو کوێ بەڕێ دەکەوێت؟
ئەو ئەرکە بۆشاییگەرەی کە چاوەڕوان دەکرێت بۆ سەر هەسارەی ئۆرانۆس (Uranus) ئەنجام بدرێت، ڕەنگە ببێتە یەکەم وێستگەی بەکارهێنانی سەرەکیی ئەم موەلیدە نوێیە. ئەگەری زۆرە ئەو کەشتییە خولگەییەی کە پلان وایە لە ماوەی دەیەی سییەکانی ئەم سەدەیەدا هەڵبدرێت، دوو موەلیدەی لەم جۆرە هەڵبگرێت، بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ ئامێرەکان، جگە لە دەستەبەرکردنی ئەو گەرمییەی کە پێویستە بۆ پاراستنی کەرەستەکان لە بەستن لە پلە ئاڵۆز و نزمەکانی گەرمیدا.
له پاڵ ئەرکەکانی ئۆرانۆسدا، دەکرێت ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە لە گەشتە بۆشاییەکانی سەر نێپتۆن و مانگەکەی (ترایتۆن)دا بەکاربهێنرێت، هەروەها لە توێژینەوەی جیهانە سەهۆڵاوییەکان و تەنەکانی پشتێنەی کایپەردا، جگە لەو پشکنەرە نێوان-ئەستێرەییانەی داهاتوو کە ڕەنگە سنوورەکانی پشکنەری (ڤۆیجر)یش ببڕن.