بەغداد - INA
وەزیری داد، خالید شوانی، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێنمایی دا بە پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ ئامادەکردنی چەند یاسایەکی نوێ کە لەگەڵ پێداویستییەکانی گۆڕانکاریی دیجیتاڵیدا بگونجێن.
وەزارەتی داد لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "بە سەرۆکایەتی وەزیری داد، کۆبوونەوەیەک لە بارەگای وەزارەت و بە ئامادەبوونی بریکاری کارگێڕی، ڕاوێژکاران، و بەڕێوەبەرانی گشتیی هەردوو فەرمانگەی پلان دانان و یاسایی بەڕێوەچوو؛ لە کاتی کۆبوونەوەکەدا باس لە میکانیزمەکانی پەرەپێدانی کار لەناو فەرمانگەکانی داد، و گونجاندنی چوارچێوە یاسایی و ڕێکخستنییەکان کرا بە شێوازێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژی لە کار و دەزگاکانی وەزارەتدا".
لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری داد ڕێنمایی دا بە: "پێکهێنانی لێژنەیەکی پسپۆڕ کە تایبەت بێت بە ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاساکان و ئەنجامدانی هەموارکردنی پێویست لەسەر ئەو یاسایانەی کە ئێستا کاران، بە جۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی گۆڕانکاریی دیجیتاڵی (التحول الرقمي) و پەیڕەوکردنی سیستەمی بەئۆتۆماتیککردن لە کاری فەرمانگە دادییەکاندا بگونجێت، لەوانەش پڕۆژەیاسای ئیمزای ئەلیکترۆنی، ئەمەش لە چوارچێوەی ئاڕاستەکانی وەزارەت دێت بەرەو نوێکردنەوەی ژینگەی کاری دادی بەپێی نوێترین سیستەمە کارگێڕی و تەکنیکییەکان".
بەپێی راگهیندراوهكه، شوانی جەختی لەسەر "گرنگیی ئامادەکردنی پەیڕەوی ناوخۆی تایبەت بە هەر فەرمانگەیەک کردووەتەوە کە لەگەڵ سروشتی کار و پسپۆڕییەکانیدا بگونجێت، بە شێوازێک کە بەشدار بێت لە بەرزکردنەوەی کارایی ئەدا و چەسپاندنی بنەماکانی ڕێکخستنی کارگێڕی"، هاوكات جەختیشی لەسەر پێویستیی گرتنەبەری دیدگایەکی هاوچەرخ کردووەتەوە کە ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو خزمەتگوزارییە دادییانەی پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێن.