🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

داهێنانی هاوێنەی لکاو (عەدەسە)ی زیرەک بۆ چارەسەرکردنی خەمۆکی لە ڕێگەی هاندانی کارەبایی مێشکەوە

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/05/18 22:11

بەدواداچوون – INA

لە پێشکوتنێکی زانستیدا کە ڕەنگە ئاسۆیەکی نوێ لە بواری تەندروستیی دەروونیدا بکاتەوە، توێژەران توانیویانە هاوێنەی لکاو (عەدەسە)ی زیرەک دابهێنن کە یارمەتی کەمکردنەوەی نیشانەکانی خەمۆکی دەدات، بێ ئەوەی پێویست بە خواردنی دەرمانە باوەکان بکات.

ئەم تەکنەلۆژیا هاوچەرخە پشت بە جەمسەرە کارەباییە وردەکان (ئەلکترۆدەکان) دەبەستێت کە لە ناو هاوێنەکاندا جێگیر کراون، و بەپێی شێوازێک کار دەکەن کە بە "دەستێوەردانی کاتی بۆ هاندانی مێشک" دەناسرێت، بەجۆرێک لە ڕێگەی تۆڕی چاوەوە دوو نیشانەی کارەبایی کەم‌هێز بۆ ناوچە دیاریکراوەکانی مێشک دەنێرێت کە بەرپرسن لە ڕێکخستنی باری دەروونی.

ئەم نیشانانە تەنها کاتێک کاریگەر دەبن کە شەپۆلەکانیان لە ناوەوەی مێشکدا بەیەک دەگەن، ئەمەش ڕێگە دەدات بە هاندانی وردی ناوچە بەئامانجکراوەکان بێ ئەوەی کاریگەری لەسەر شانەکانی دەوروبەری دروست بکات.

توێژەر جانگ ئۆنگ پارک، لە زانکۆی یۆنسێ لە کۆریای باشوور، ڕوونی کردەوە کە بیرۆکەکە لە تیشک خستنە سەر دوو تیشکی ڕووناکی لاواز دەچێت کە لە یەک خاڵدا بەیەک دەگەن بۆ پێکهێنانی ڕووناکییەکی بەهێزتر، جەختیشی کردەوە کە هاوێنەکان هەمان بنەما لە ڕێگەی نیشانەی کارەبایی بێوەی و بێمەترسییەوە بەکاردەهێنن.

بۆ دیزاینکردنی هاوێنەی ڕوون، نەرم و شیاوی بەکارهێنان، تیمی توێژینەوەکە پشتیان بە چینگەلێکی یەکجار وردی پلاتین و ئۆکسیدی گالیۆم بەستووە، کە ماددەی گەیەنەری کارەبان و ڕێگە دەدەن بە جێگیرکردنی جەمسەرە کارەباییەکان لە ناو هاوێنەکەدا بێ ئەوەی کاریگەری لەسەر ڕوونیی بینین یان ئاسوودەیی بەکارهێنەرەکە دروست بکەن.

زانایان تاقیکردنەوەی ئەم تەکنەلۆژیایەیان لەسەر کۆمەڵە جیاوازەکانی مشک ئەنجام داوە، لە نێوانیاندا کۆمەڵەیەک کە کەوتوونەتە بەر چارەسەرە نوێیەکە، و کۆمەڵەیەکی دیکە کە ماددەیەکی کاریگەری یەکێک لە بەناوبانگترین دەرمانەکانی دژەخەمۆکییان پێدراوە، لە پاڵ کۆمەڵەگەلێک بۆ بەراوردکاری.

ئەنجامەکان باشبوونێکی بەرچاویان لە لای ئەو مشکانە نیشان دا کە هاوێنەکانیان بۆ ماوەی نیو کاتژمێر لە ڕۆژێکدا و لەسەر درێژایی سێ هەفتە بەکار هێناوە.

لە هەنگاوێکی زیادەدا بۆ هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکان، توێژەران مۆدێلێکی پشتیوان بە ژیریی دەستکردیان بۆ شیکردنەوەی ڕەفتار و نیشاندەرە زیندەییەکانی مشکەکان بەکار هێنا، و دەرکەوت ئەو ئاژەڵانەی کە چارەسەرەکەیان وەرگرتووە، لە ڕووی فرمان و ڕەفتارەوە زیاتر لە مشکە ساغەکان نزیک بوونەتەوە.

لە ئێستادا تیمەکە بەردەوامە لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە لەسەر ئاژەڵی گەورەتر، وەک ئامادەکارییەک بۆ تێپەڕین بەرەو توێژینەوە کلینیکییەکان لەسەر مرۆڤ، لە ناوەڕۆکی ئەو هیوایانەی کە ئەم هاوێنانە لە داهاتوودا ببنە جێگرەوەیەک بۆ چارەسەرە دەرمانییەکان کە زۆرجار بە کاریگەرییە لاوەکییە بێزارکەرەکانی وەک زیادبوونی کێش، سڕبوونی سۆزداری، و زحمەتیی وازهێنان لە بەکارهێنانیانەوە دەبەسرێنەوە.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)