بەغدا – INA – ئامنە سەلامی
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵ، گەیشتنی کۆنووسی نافەرمی سەبارەت بە دەرکەوتنی ڕووەکی داتۆرا لە ناوچەی لەتیفییە ڕاگرت، هاوکات ئاماژەی بە پێکهێنانی لیژنەیەک کرد بۆ دیاریکردنی میکانیزمی چارەسەرکردنەکە.
بەڕێوەبەری بەشی ژینگە لە فەرمانگەی پلان دانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ، حوسام مەجید کتۆف، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "کۆپی نافەرمی کۆنووسەکانی پشکنین و لەناوبردنی تایبەت بە ڕووەکی داتۆرا لە ناوچەی لەتیفییە گەیشتوونەتە وەزارەت، و ئاماژە بە دەرکەوتنی ڕووەکەکە دەکەن لەسەر ڕووبەرێک کە بە نزیکەی 7 دۆنم دەخەمڵێندرێت، و بە ژمارەیەک کە نزیکەی 23 هەزار ڕووەکە بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان".
ئاماژەی بەوەش کرد "تێبینی لەسەر شێوازی چارەسەرکردنی بەکارهاتوو هەیە، چونکە پەنا براوەتە بەر کێڵان و سەرەوژوورکردنی زەوییەکە و هەڵکێشانی ڕووەکەکان و پاشان سووتاندنیان، لە کاتێکدا ئەم میکانیزمە ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی بڵاوبوونەوەی ڕووەکەکە ئەگەر تۆوەکانی لەناو خاکەکەدا هەبن".
وتیشی: "وەزارەت هەوڵدەدات دەستوەردان بکات لە بەدواداچوونی تەکنیکی بۆ زانینی ئەگەری بەکارهێنانی دەرمانی قڕکەر یان گرتنەبەری شێوازی تری چارەسەرکردنی گونجاوتر"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "بابەتەکە بە هاوکاری نێوان ئاسایشی نیشتمانی و ئەو هێزانەی کۆنترۆڵی زەوییەکەیان کردووە، جگە لە هۆبەی کشتوکاڵی لەتیفییە ئەنجامدراوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە کە "وەزارەت، دوای گەیشتنی کۆنووسەکان بە شێوەیەکی فەرمی، لیژنەیەکی مەیدانی ڕێکدەخات بۆ سەردانیکردنی شوێنەکە و پێدانی تێبینییە تەکنیکییەکانی تایبەت بە میکانیزمی چارەسەرکردنەکە، چونکە ژمارەی ڕووەکەکان وا دەکات بەرەنگاربوونەوەی میکانیکی بەس نەبێت، و ڕەنگە ڕووەکەکان دوای ماوەیەک چالاکی خۆیان بەدەست بهێننەوە".
ڕوونیشی کردەوە کە "دواتر پسپۆڕان شێوازی مامەڵەکردنی گونجاو لەگەڵ شوێنەکەدا دیاری دەکەن دوای ئەنجامدانی پشکنینی مەیدانی"، جەختیشی کردەوە کە "کۆنووسەکان ڕوونیان نەکردووەتەوە ئایا بڵاوبوونەوەی ڕووەکەکە سروشتییە یاخود دەستکردە".
له کۆتاییدا وتی: "ئەو بارانە بەخوڕەی لە ماوەی ڕابردوودا وڵات بەخۆیەوە بینی، بەشداربوو لە بووژانەوەی ڕووەکە کێوییەکان و زیادبوونی بڵاوبوونەوەیان"، ئاماژەی بەوەش کرد "وەزارەت لە ئێستادا ناتوانێت دیاری بکات ئایا بارودۆخی سروشتی یان بوونی زەوی بەجێهێڵدراو یان پرۆسەی پێشووی بەرەنگاربوونەوەی هەڵە بووەتە هۆی ئەم بڵاوبوونەوە بەربڵاوە، ئەمەش ئەو شتەیە کە لیژنەکە دوای سەردانە مەیدانییە فەرمییەکە دیاری دەکات".