بەغداد – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی تەواو بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی لە ئەرک و رێگایاندا لە جامی جیهانی (مۆندیال) کردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە : "عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە ،عەقێل موفتەن ، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی عێراقی،و عەدنان دەرجال،سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق و گراهام ئارنۆڵد ، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانی کرد، کە بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن کابینە حکومییەکەیەوە، پیرۆزباییان لێکرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : زەیدی ئاماژەی بە گرنگی وەرزش لە یارییە جیاوازەکاندا کرد کە ئێستا کاریگەرییان لەسەر لایەنی گەشەپێدان و ئابووریی هەیە، و پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ پەرەپێدانی واقیعی وەرزشی دەربڕی بەشێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی وەرزش و بەدیهێنانی دەستکەوتەکان.
هەروەک زەیدی جەختی لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی تەواو بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی تۆپی پێ بۆ جامی جیهانیدا کردەوە، و ڕێنماییدا بە گواستنەوەی شاندی هەڵبژاردەکە بە فڕۆکەیەکی تایبەت بۆ کەمپی ڕاهێنانی بڕیاردراویان لە ئیسپانیا کە بڕیارە پێش دەستپێکردنی مۆندیال بەڕێوەبچێت.