🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

دوای بڵاوبوونەوەی ئیبۆلا لە کۆنگۆ و ئۆگاندا باری نائاسایی راگەیەندرا

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/05/17 11:23

بەدواداچون -INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی،باری نائاسایی تەندروستی گشتیی ڕاگەیاند کە دەبێتە هۆی نیگەرانی نێودەوڵەتی، ئەمەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆماری کۆنگۆ و ئۆگاندا.

تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرەیەسوس، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند : ئەو نەخۆشییەی بەهۆی ڤایرۆسی (بۆندیبوگیۆ)وە دروست بووە، پێویستی بەم ڕاگەیاندنە هەیە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەکاری لە وڵاتانی دراوسێ و کۆکردنەوەی پشتگیری نێودەوڵەتی، لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە لە ئێستادا نەگەیشتووەتە ئاستی باری نائاسایی پەتای جیھانی.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە : دەسەڵاتداران ڕاپۆرتیان لەسەر هەشت حاڵەتی پشتڕاستکراوەی تاقیگەیی، و 246 حاڵەتی گومانلێکراو و 80 حاڵەتی گیانلەدەستدانی گومانلێکراو لە پارێزگای ئیتۆری لە ڕۆژهەڵاتی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، لە ڕێگەی لانی کەم سێ ناوچەی تەندروستییەوە داوە.

پارێزگای ئیتۆری دەکەوێتە سەر سنووری ئۆگاندا و باشووری سوودان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا.

ڕێکخراوەکە ی خستەڕوو کە ئۆگاندا دوو حاڵەتی پشتڕاستکراو هەیە، کە یەکێکیان گیانلەدەستدانی تێدابووە، و تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی ڕوون لە نێوان تووشبووەکاندا ئاشكرا نەکراوە، کە هەردووکیان گەشتیار بوون و لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆوە هاتبوون.

ئیبۆلا نەخۆشییەکی زۆر گواستراوە و مەترسیدارە بۆ سەر ژیان، کە لە ڕێگەی بەرکەوتنی جەستەیی و بەرکەوتن بە شلەمەنییەکانی جەستەوە دەگوازرێتەوە، پەیمانگای ڕۆبێرت کۆخی ئەڵمانی ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێژەی مردن لەوانەیە بگاتە نزیکەی 90% ئەگەر چاودێری دەستبەجێ بۆ تووشبووان دابین نەکرێت.

ئامارەکانی بڵاوبوونەوەی گەورەی ئەم نەخۆشییە لە ڕۆژئاوای ئەفریقا لە ساڵانی 2014-2015، کاتێک زیاتر لە 11 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، ڕەنگدانەوەی مەترسی ئەم نەخۆشییەیە،دوا شەپۆلی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە کۆنگۆ لە ئەیلوولی ڕابردوودا لە پارێزگای کاسای تۆمارکرا، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 45 کەس، ئەمەش شازدەیەمین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بوو لە دوای دۆزینەوەی لە ساڵی 1976دا.

سەرچاوە: ئاپ (AP)

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)