نێودەوڵەتی – INA
ئاژانسی هەواڵی "شینخوا" ڕایگەیاند، لایەنی کەم ٩ سەرباز کوژراون و زیاتر لە ٢٠ی دیکەش بریندار بوون، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر سەربازگەیەکی سوپا لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان.
ڕووداوەکە لە ناوچەی "باجوور"ی سەر بە ویلایەتی "خیبەر پەختونخوا" ڕوویداوە؛ هێرشبەرەکە بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە هەڵیکوتاوەتە سەر خاکی سەربازگەکە و تەقینەوەیەکی ئەنجامداوە، دوای ئەوە چەند چەکدارێکی دیکە تەقەیان لە سەربازەکان کردووە. هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە هێرشبەرەکانیان کوشتووە.
لە ویلایەتی "خیبەر پەختونخوا" گروپە توندڕەوەکان لە ناوچەی "وەزیرستان" چالاکن، کە ناوچەیەکی خێڵەکییە و دەکەوێتە سەر سنووری ئەفغانستان.
ئەم هێرشە لە چوارچێوەی بەردەوامی ئەو تەحەدا ئەمنییانەدایە کە ڕووبەڕووی پاکستان دەبنەوە لە ناوچە سنوورییەکانیدا، لە کاتێکدا دەسەڵاتداران ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و چەسپاندنی سەقامگیری لەو ناوچە خێڵەکییانەدا چڕکردووەتەوە کە مێژوویەکی درێژیان لە چالاکی گروپە چەکدارەکاندا هەیە.
هێزەکانی پاکستان کار دەکەن بۆ توندترکردنی ڕێکارە ئەمنییەکانیان لە ناوچەکەدا، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی مەترسییەکانی زیادبوونی ئاستی هێرشە هاوشێوەکان، بەتایبەتی لەگەڵ ئاڵۆزیی دۆخی ئەمنی لە ئەفغانستانی دراوسێ و کاریگەرییەکانی لەسەر سەقامگیری ناوچە سنوورییەکان.
سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی شینخوا