نێودەوڵەتی – INA
بەپێی هەواڵێکی تەلەفزیۆنی ناوەندیی چین، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ کۆماری چینی میللی هێنا و بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێکەوت.
سەردانەکەی سەرۆکی کۆشکی سپی بۆ چین سێ ڕۆژی خایاند و خشتەیەکی چڕی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی لەخۆگرتبوو. ترەمپ لە میانی سەردانەکەیدا، لە کۆبوونەوەی فراوان و تاکیاندا لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین، کۆمەڵێک پرسی هەنووکەیی لەسەر ئاستی دووقۆڵی و نێودەوڵەتی تاوتوێ کرد، کە گرنگترینیان قەیرانی ئۆکرانیا و ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران بوون.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵوێستەکانی واشنتن و پەکین سەبارەت بە دۆسیەی ئێران تا ڕادەیەکی زۆر لە یەکدی نزیکن، جەختیشی کردەوە کە ئەو و شی جین پینگ هاوڕان لەسەر ویستی کۆتاییهێنان بە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری.
هەروەها ترەمپ ئەو ڕێککەوتنە بازرگانییانەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کران بە "گرێبەستی بازرگانی نایاب" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە چین "سەدان ملیار دۆلار" لە کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا وەبەرهێنان دەکات، هەروەک ئاماژە بەوەش دراوە کە چین بەنیازی کڕینی ٢٠٠ فڕۆکەی جۆری بۆینگ بێت.
لای خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند کە ئەم سەردانە هاوکار بووە لە بەهێزکردنی متمانەی نێوان سەرکردایەتی هەردوو وڵات و بە هەنگاوێکی گرنگی دانا لە پرۆسەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چین.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە و جیهان بەدەست ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییەکانەوە دەناڵێنن، تێیدا هەردوو زلهێزەکە هەوڵدەدەن ناکۆکییە ستراتیژییەکانیان بەڕێوەبەرن و لە هەمان کاتدا کەناڵەکانی گفتوگۆ لەو دۆسیانەدا بپارێزن کە بەرژەوەندی هاوبەشیان تێدایە، بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی، وەبەرهێنان و ئاسایشی نێودەوڵەتیدا.
سەرچاوە: ئاژانسەکان