🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

سەرۆکی هەرێمی کوردستان: هیوای سەرکەوتن بۆ حکومەتەکەی زەیدی دەخوازین لە ئەنجامدانی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی و بەدیهێنانی هیوا و خواستەکانی عێراقییەکان

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/05/14 22:14

بەغدا - INA

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، هیوای سەرکەوتنی بۆ حکومەتەکەی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران خواست لە ئەنجامدانی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی و بەدیهێنانی هیوا و خواستەکانی عێراقییەکان.

نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی (X) کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: خۆشحاڵ بووم بە بەشداریکردن لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئێوارەی ئەمڕۆدا، کە تایبەت بوو بە بەخشینی متمانە بە بەڕێز عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیران و حکومەتەکەی.

وتیشی: بەو بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزیان و حکومەتەکەیان دەکەین،و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین لە ڕاپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیاندا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە هەموو عێراقییەکان بکات بە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانیانەوە، و هیوا و خواستەکانیان بەرەو ئاسایش و سەقامگیری و پێشکەوتنی زیاتر بەدی بهێنێت."

لای خۆشیەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پیرۆزبایی ئاراستەی عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیران و حکومەتەکەی کرد بە بۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەران.

مەسرور بارزانی لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی (X) ڕایگەیاند: جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و حکومەتە بەڕێزەکەی دەکەم بە بۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەران.

ئاماژەی بەوەش کرد: هیوادارم ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتای سەردەمێکی نوێی ئاسایش و سەقامگیری، بە جۆرێک کە هاوکار بێت لە چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی عێراق و جێبەجێکردنی دەستوور و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)