بەغدا ـ INAـ محەمەد تاڵبی
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیری بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی قەناتی جەيش ڕاگەیاند.
نەبیل سەفار، وتەبێژی وەزارەت لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: وەزارەت لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیری بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی قەناتی جەيش و چارەسەرکردنی تێکچوون و ڕۆچونی زەوی لە ڕێگەکەدا ئامادە کردووە، بەتایبەتی لە ناو تونێلەکاندا. جەختیشی کردەوە کە کارەکانی نۆژەنکردنەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمانەی بەغدا ئەنجام دەدرێن، چونکە ئێستا ئەمانە نۆژەنکردنەوەی تونێلەکان لە ئەستۆ دەگرێت، بێجگە لەو تونێلەی دەکەوێتە بەرانبەر وەزارەتی گواستنەوە کە وەزارەتەکەمان نۆژەنی دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە تونێلەکان پێویستییەکی زۆریان بە کارەکانی نۆژەنکردنەوە هەبوو بەهۆی قەرەباڵغی و جەنجاڵیی هاتووچۆوە، ڕوونیشیکردەوە کە وەزارەت چاوەڕێی دابینکردنی پارەی پێویست دەکات بۆ نۆژەنکردنەوەی تەواوی ڕێگەکە، لەگەڵ تەواوکردنی پڕۆژەکانی دیکە.
سەبارەت بە پردەکانی یەکتربڕەکانی بەلەدیات، سەفار وتی: پردەکانی سێ یەکتربڕەکەی ناوچەی بەلەدیات بە تەواوکەری پردەکانی فەزیلیە دادەندرێن، و ڕێڕەوێکی گواستنەوە بۆ دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی قەنات بەرەو شەقامی فەلەستین و گۆڕەپانی مەیسەلوون دەستەبەر دەکەن، ئەمەش هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی فشار لەسەر ناوچەکانی بەلەدیات، بەغدای نوێ، مەشتەل و فەزیلیە