نەرمین ئەلموفتی
لەو کاتەی فشارە ئابوورییەکان لە ناو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕوو لە هەڵکشاون، و تێچووی ژیان و هەڵاوسان بوونەتە بارگرانییەکی ڕۆژانە و فشار دەخەنە سەر وردەکارییەکانی ژیان، لەسەر ڕووی پێشهاتەکان دۆسیەیەک دەردەکەوێت کە لە سەرەتادا وا دەردەکەوێت تەواو لەم واقیعە دوور بێت، ئەویش دۆسیەی (تەنە فڕیوە نەناسراوەکان - UAP)ە. پێنتاگۆن (وەزارەتی جەنگی ئەمریکا) نهێنی لەسەر بەڵگەنامە کۆنەکان لادەبات، کۆنگرێس دانیشتنی گوێگرتن ساز دەکات، و ڕاگەیاندنەکانیش گرتە ڤیدیۆیی و شایەتحاڵی فڕۆکەوانە سەربازییەکان دووبارە بڵاو دەکەنەوە. لە کاتێکدا ئەم جووڵەیە وەک کرانەوەیەک بەڕووی نەزانراوە زانستییەکاندا نیشان دەدرێت، بەڵام پرسیارە قووڵەکە بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە: بۆچی ئەم دۆسیەیە ئێستا بەم شێوەیە دەوروژێندرێت، و ڕێک لەم ساتەدا؟.
وا دەرناکەوێت پلانێکی ورد هەبێت بۆ لادانی سەرنج لەسەر ئابووری یان سیاسەت، بەڵکو ئەوەی ڕوودەدات جۆرێکە لە هاوکاتییەکی چڕ لە نێوان سێ هێزدا کە بێ هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ بەیەک دەگەن، ئەوانیش: دەوڵەت، ڕاگەیاندن، و جەماوەر.
دەوڵەت، لە ڕێگەی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانییەوە، چەند ساڵێکە دەستی کردووە بە دووبارە پۆلێنکردنەوەی ئەم جۆرە دۆسیانە لەژێر ناوی بێلایەنتر وەک دیاردە ئاسمانییە ڕووننەکراوەکان، ئەمەش لەژێر فشاری چاودێری و یاسایی ڕۆژ لەدوای ڕۆژدا. ڕاگەیاندنیش، بە سروشتی خۆی، لە ناو تەمومژدا کەرەستەیەکی نموونەیی دەدۆزێتەوە لە کاتەکانی تێربوونی هەواڵیدا، کاتێک ناونیشانە باوەکان دەربارەی هەڵاوسان و هەڵبژاردن و ململانێ نێودەوڵەتییەکان دووبارە دەبنەوە. جەماوەریش، کە خۆی بەدەست هەواڵە قورسەکانەوە ماندووە، بە شێوەیەکی سروشتی مەیلی بۆ ئەو چیرۆکانە هەیە کە ئەم ڕیتمە دەشکێنن و مەودایەکی کاتیی بۆ سەرسامی یان هەڵاتنی مێشکی (لە واقیع) پێ دەبەخشن.
بەڵام ئەم داینامیکییەتە تەنها لە سنووری ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ناوەستێت. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە هەواڵەکان پێویستییان بە "تەمومژ" نییە بۆ ئەوەی قورس بن، وێنەیەکی جیاواز لە هەمان دیاردە دروست دەبێت. واقیع لەوێ لێوانلێوە لە قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان، ململانێی کراوە یان پەنهان، قەیرانی ئابووریی دووبارەبووەوە، و گۆڕانکاریی سیاسیی خێرا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم تێربوونە نابێتە هۆی نەمانی میکانیزمێکی هاوشێوە، بەڵکو بە شێوەیەکی تر دووبارە بەرهەمی دەهێنێتەوە. لەبری تەنە فڕیوەکان و دۆسیە نهێنییەکان، چین و توێژی گێڕانەوەی ڕاگەیاندنی خێرا دەردەکەون کە ڕووداوە ئاڵۆزەکان دەگۆڕن بۆ ناونیشانە چڕکراوەکان، یان دزەپێکردنی سیاسی کە لە دەرەوەی سیاقەکەی خۆی دەخوێندرێتەوە، یان شیکردنەوەی لەڕادەبەدەر بۆ هەوڵەکانی تێگەیشتن لە واقیعێکی کە خۆی لە بنەڕەتدا زۆر ئاڵۆزە.
ڕاگەیاندن لەم سیاقەدا وەک گواستەرەوەیەکی بێلایەنی ڕووداوەکان کار ناکات، هێندەی ئەوەی وەک میکانیزمێک بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەیان کار دەکات. هەڵبژاردنی ئەوەی چی لە لاپەڕەی یەکەمدا دەردەکەوێت، و چی دوادەخرێت، و چی دووبارە بڵاودەکرێتەوە، تەنها بڕیارێکی پیشەیی نییە، بەڵکو بەشێکە لە ئەندازیاریکردنی سەرنجی گشتی. لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، دۆسیەکانی وەک تەنە ئاسمانییەکان دەبنە کەرەستەیەکی نموونەیی چونکە ڕاگەیاندن دەتوانێت بیانگۆڕێت بۆ گێڕانەوەیەکی کراوەی بێ کۆتایی، لە کاتێکدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕاگەیاندن مامەڵە لەگەڵ واقیعێکی جەنجاڵدا دەکات و لە ڕێگەی ناونیشانە خێراکان و ڕووماڵکردنی ساتبەساتەوە زیاتر چڕی دەکاتەوە. لە هەردوو بارەکەدا، واقیع وەک خۆی نیشان نادرێت، بەڵکو بەو شێوەیەی نیشان دەدرێت کە بتوانرێت بەکاربهێنرێت، و ڕێک لێرەدا سنووری تێگەیشتنی بەکۆمەڵ بۆ جیهان دیاری دەکرێت.
لە هەردوو حاڵەتەکەدا، چ لە واشنتن و چ لە ناوچەکە، وا دەرناکەوێت مەسەلەکە پەیوەندی بە ڕووداوێکی تاکەوە هەبێت کە جێگەی یەکێکی تر بگرێتەوە، بەڵکو پەیوەندی بە شێوازێکی قووڵتر هەیە لە دابەشکردنی سەرنج لە ناو جیهانێکی پڕ لە زانیاریدا. لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، ئەم دابەشکردنە شێوەی تەمومژێکی زانستی وەردەگرێت کە هەر کاتێک گەرمەی سیاسەتی ڕۆژانە یان قورسایی ئابووری کەم بێتەوە، سەر هەڵدەداتەوە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا شێوەیەکی تر وەردەگرێت، کە تێیدا ڕیتمی ڕووداوەکان ئەوەندە هێور نابێتەوە کە مەودایەک بۆ تەرکیزکردن بهێڵێتەوە، بۆیە هەموو شتێکی نوێ دەگۆڕێت بۆ "قەیرانێکی کاتی" کە بە خێرایی دەکەوێتە پێش ئەوەی پێش خۆی.
بەو شێوەیە، سەرنجدان چیتر پەیوەندی بە تێگەیشتن لە جیهانەوە نامێنێت، هێندەی ئەوەی دەبێتە هۆکارێک بۆ هەڵکردن لەگەڵیدا. ئابووری قورسایی خۆی لە پاشبنەمادا دەسەپێنێت، و سیاسەتیش بەردەوام دەبێت لە دەنگەدەنگە چڕەکەی خۆی، بەڵام لە نێوانیاندا چینێکی سێیەمی هەواڵ دزە دەکات، کە مەرج نییە گرنگترین بێت، بەڵام توانایەکی زۆری هەیە بۆ ڕاکێشانی چاو و مێشک لە ساتەکانی ماندووبوونی گشتیدا. ڕەنگە ڕێک لێرەدا دژایەتییەکە بێت: نەک ئەوەی تەنە ئاسمانییەکان یان هەواڵە تەمومژاوییەکان واقیعەکە وەلادەنێن، بەڵکو ئەوەیە کە واقیعەکە خۆی ئەوەندە چڕ بووەتەوە کە وای کردووە هەر بوارێکی یەکلانەکراوە زیاتر ئامادەیی هەبێت وەک لە ڕاستییە ڕەقەکان.
لەم سیاقەدا، "سەرنج" خۆی دەبێتە سەرچاوەیەک کە گرنگییەکەی کەمتر نییە لە نەوت یان پارە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا. دەوڵەتەکان تەنها کۆنترۆڵی ئەوە ناکەن کە چی ڕوودەدات، بەڵکو کۆنترۆڵی ئەوەش دەکەن کە چی دەبینرێت و چۆن تێدەگەرێت و کەی لەبیر دەکرێت. لە کاتێکدا هەواڵەکان کێبڕکێ دەکەن بۆ ساتی یەکەم دەرکەوتن، پرسیارە خاوتر و قووڵەکان بەرەو پاشبنەما پاشەکشە دەکەن. بۆیە دۆسیەی تەنە ئاسمانییەکان وەک شتێکی نائاسایی دەرناکەوێت، هێندەی ئەوەی وەک دەرهاویشتەیەکی لاوەکیی سیستەمێکی گەورەتر دەردەکەوێت، کە تێیدا ڕاستییە قورسەکان لەگەڵ چیرۆکە تەمومژاوییەکان لە یەک فەزادا پاڵ بە یەکەوە دەنێن، و کێشی هەر یەکێکیان بەپێی توانایان بۆ مانەوە لە ناو بازنەی "بینین"دا دیاری دەکرێت، نەک لە ناو بازنەی "تێگەیشتن"دا