بەغدا - INA
دەستەی دەسپاکی فیدراڵی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، زیان گەیاندن بە دارایی گشتی لە مامەڵەکانی کڕین و چاککردنەوە لە پارێزگای بابل ئاشکرا کرد.
دەستەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاند: تیمێکی کار لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی بابل، چوونە یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی لە پارێزگاکە، لەوێ توانرا دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون و وردبینی، فەرمانی دەستگیرکردنی دادوەری دەرهەق بە بەڕێوەبەری فەرمانگەکە و بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان و سەرۆکی لیژنەی چاککردنەوە و یەکێک لە وردبینەکانی ناو فەرمانگەکە جێبەجێ بکەن؛ ئەمەش بەهۆی دەستکاریکردن لە ڕێکخستنی مامەڵەکانی کڕین بە بڕی دوو ملیار دینار. ڕوونیشیکردەوە کە کەلوپەلەکان 'پەرژین'، تەل و کەرەستەی بیناسازییان لەخۆگرتبوو، جگە لە ڕێکخستنی مامەڵەی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل و کۆمپیوتەر و سپلیت و مامەڵەی خەرجکردنی پاداشت بە شێوەیەکی وەهمی.
ئاماژەی بەوەش کرد کە تۆمەتبارەکان لەبری ئەندامانی لیژنەکە واژۆیان لەسەر وەسڵەکانی کڕین کردووە، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بەدواداچوون و وردبینییەکان دەریانخستووە نرخەکان زۆر زیاد کراون لە پرۆسەی کڕینەکاندا کە هیچ سوودێکیشیان نەبووە.
هەروەها ئاماژەی بە ساختەکردنی فەرمانە کارگێڕییەکانی تایبەت بە ژمارەیەک لە خاوەن کرێی ڕۆژانە کرد، بە مەبەستی سوودمەندبوونیان لە بڕیاری ژمارە (٣١٥ی ساڵی ٢٠١٩)، و ڕایگەیاند کە تۆمەتبارەکان بەم کارەیان بە ئەنقەست زیانیان بە دارایی گشتی گەیاندووە، وەک ئەوەی ئەنجامی لێکۆڵینەوە کارگێڕییەکان دەریانخستووە.
لە کۆتاییدا هاتووە: کۆنووسێکی دەستبەسەرداگرتنی یاسایی ڕێکخرا و لەگەڵ تۆمەتبارەکان و بەڵگە دەستبەسەرداگیراوەکان خرایە بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی حللە کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەسپاکی،دادوەریش بڕیاری ڕاگرتنیانی بەپێی ماددەی (٣٤٠) لە یاسای سزادان دەرکرد