🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

باڵیۆزی عێراق لە قاهیرە و عەرداوی تاوتوێی ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکاری نێوان نێردە دیپلۆماسییەکان و تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی دەکەن

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/05/13 22:08

بەغداد – INA

قەحتان تەها خەڵەفی باڵیۆزی کۆماری عێراق لە کۆماری میسری عەرەبی و ستار عەرداوی بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)، ئەمڕۆ چوارشەممە، تاوتوێی ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان نێردە دیپلۆماسییەکانی عێراق و تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقییان کرد، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت لە نیشاندانی چالاکییەکانی نێردەکان و جوڵە دیپلۆماسییەکانیان.

باڵیۆزخانەکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ی ناردووە، دەڵێت: "قەحتان تەها خەڵەف، باڵیۆزی کۆماری عێراق لە کۆماری میسری عەرەبی و نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە کۆمکاری عەرەبی، لە بینای باڵیۆزخانە لە قاهیرە، پێشوازی لە ستار عەرداوی بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) لە تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی کرد، ئەمەش لە پەراوێزی بەشداریکردنی ناوبراو لە (کۆڕبەندی ڕاگەیاندنی باشووری جیهانی) کە لە کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێوەچوو."

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە میانی دیدارەکەدا، باس لە ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان نێردە دیپلۆماسییەکانی عێراق و تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی کرا، بە مەبەستی دەرخستنی چالاکییەکانی نێردەکان و جوڵە دیپلۆماسییەکانیان، و تیشک خستنە سەر ئەو هەوڵانەی دەیدەن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵی و فرەلایەنەکان، جگە لە گواستنەوەی وێنەیەکی واقیعی و پیشەیی لەسەر ئامادەیی عێراق لە ناوەندە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا."

هەروەها لەبەیاننامەكەدا هاتووە: "لە دیدارەکەدا باس لە گرنگی پەرەپێدانی هاوکارییە میدیاییەکان کرا بە جۆرێک کە لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی کەرتی ڕاگەیاندندا بگونجێت، هەروەها بەهێزکردنی میکانیزمەکانی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان دامەزراوە میدیاییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکانی عێراق، بۆ پاڵپشتیکردنی گوتاری میدیایی نیشتمانی و ڕەنگدانەوەی هەڵوێست و هەوڵەکانی عێراق لەسەر ئاستی عەرەبی و نێودەوڵەتی."

بەپێی بەیاننامەکە، هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر "گرنگی ئەو ڕۆڵەی کە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نیشتمانی دەیگێڕن لە پاڵپشتیکردنی کاری دیپلۆماسی و دەرخستنی چالاکییە فەرمی و ڕۆشنبیری و ئابوورییەکان کە باڵیۆزخانەکانی عێراق لە دەرەوە ئەنجامی دەدەن، بە ئامانجی بەهێزکردنی ئامادەیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی عێراق."

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)