بەغداد - INA
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرزبوونەوەی ڕێژەی کارکردنی لە فڕۆکەخانەکەدا بۆ نزیکەی 90% دووپاتکردەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ گەڕانەوەی ژمارەیەک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەوانی و بەردەوامیی گەشتەکانی ڕۆژانەی حەج بۆ شانشینی عەرەبستانی سعوودی.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد حارس عوبەیدی، لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانە پێشتر گەیشتنی ڕێژەی کارکردنی بۆ 80% ڕاگەیاندبوو دوای دەستپێکردنەوەی گەشتەكانی قەتەر و گەڕانەوەی هەندێک لە کۆمپانیا ئێرانییەکان،" ئاماژەی بەوەش دا کە "تێکڕای گەشتەکان لە هەڵکشانی بەردەوامدایە لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستپێکردنەوەی گەشتەكانی تورکیا لە 14ی ئایاری ئەم مانگەدا."
وتیشی: "وەرزی حەج بە هەمان شێوە بەشدار بووە لە زیادبوونی جوڵەی ئاسمانی، بە جۆرێک هێڵی ئاسمانیی عێراقی ڕۆژانە چوار گەشت لە فڕۆکەخانەی بەغداوە بۆ فڕۆکەخانەی مەدینەی منەوەرە و چەند فڕۆکەخانەیەکی تری شانشینی عەرەبستانی سعوودی ئەنجام دەدات."
عوبەیدی ئاماژەی بەوەشکرد: "ژمارەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کار دەکەن دەگاتە نزیکەی 30 کۆمپانیا،" باسی لەوەشکرد: "ژمارەی کۆمپانیا کارپێکەرەکان لە 17 کۆمپانیاوە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بۆ نزیکەی 20 یان 21 کۆمپانیا بەرزبووەتەوە لەگەڵ گەڕانەوەی فڕۆکەوانیی تورکی و هەندێک لە کۆمپانیا ئێرانییەکان."