🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

سەرۆک وەزیران: پاڵپشتیی حکومەتی نوێ دەکەین لە هەموو ئەو بڕیارانەی لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتیدا دەریان دەکات

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/05/13 19:50

بەغداد – INA

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، پاڵپشتیی خۆی بۆ حکومەتی نوێ ڕاگەیاند تاوەکو بەردەوام بێت لەسەر ڕێڕەوی کارکردنی بێوچان و سەرکەوتنەکان لە پێناو خزمەتکردنی گەلدا بەکاربهێنێت، هاوکات جەختی لە پاڵپشتیکردنی کردەوە لە هەموو ئەو بڕیارانەی کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتیدا دەریان دەکات.

سودانی لە وتارێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی، بەدواداچوونی بۆ کردووە و نووسینگەی ڕاگەیاندنەکەی بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاند: "حکومەتەکەمان لە کۆتاییەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی 2022دا پێکهێنرا، ئەوەش دوای وەرچەرخانێکی سیاسیی مەترسیدار کە وڵاتی گرتەوە، و توانیمان بودجەی خەرجی بگۆڕین بۆ بودجەی بەرنامەکان و هەنگاو بەرەو گۆڕانکاریی دیجیتاڵی و چاکسازیی بانکی بنێین."

وتیشی: "ڕووبەڕووی تەحەدای هەرێمی و نێودەوڵەتی بووینەوە و کارمان کرد بۆ دوورخستنەوەی ئاگر لە خاک و گەلەکەمان، هەروەها تەحەدای جۆراوجۆری ترمان لە هەموو دۆسیەکاندا هەبوو؛ جەختمان کردە سەر پێنج ئەولەوییەت لە بەرنامەی حکومەتەکەماندا کە ئەوانیش بریتین لە: بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، چارەسەرکردنی بێکاری، چاکسازیی دارایی و کارگێڕی، و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان،" ڕوونیشیکردەوە: "پەیڕەوی دیپلۆماسییەکی هاوسەنگمان کرد و نەچووینە ناو جەمسەربەندییە هەرێمییەکانەوە، ئەمەش بە شێوەیەکی ئەرێنی لەسەر ئاستی سەقامگیری ناوخۆیی ڕەنگی دایەوە."

ئاماژەی بەوەش دا: "بەدیهێنانی سەقامگیری بووە هۆی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر کە (114) ملیار دۆلاری تێپەڕاند، ئەمەش لە سایەی ڕاپەڕینێکی ئاوەدانکاریی بەرچاو؛ هەروەها ڕزگارمان بوو لە میراتی پڕۆژە وەستاوەکان کە ژمارەیان گەیشتبووە زیاتر لە (5300) پڕۆژە، و توانیمان (3250) پڕۆژەیان چارەسەر بکەین و بیخەینەوە گەڕ."

سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە "بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بۆ ئاستی (29) هەزار مێگاوات کرد، لەگەڵ فراوانکردنی تۆڕی نیشتمانی و بەهێزکردنی تواناکانی دابەشکردن و پەرەپێدانی وێستگەکانی بەرهەمهێنان،" جەختیشیکردەوە: "کارمان لە سەدان پڕۆژەی تەندروستیی وەستاو دەستپێکردەوە و (22) نەخۆشخانەی نوێمان تەواو کرد، لەگەڵ زیادکردنی ژمارەی قەرەوێڵەکان و پەیڕەوکردنی بەڕێوەبردنی هاوبەش و جێبەجێکردنی یاسای دەستەبەری تەندروستی."

زیاتر وتی: "کارگەی نوێ دروستکران و خۆبژێوی لە بەرهەمەکانی ئاسن، پەین، چیمەنتۆ، شەکر، ئارد و زەیتی خواردن بەدیهات، جگە لە دەسپێکردنی (5430) پڕۆژەی پیشەسازیی نوێ؛ هەروەها نیشتمانیکردنی پیشەسازیی دەرمانمان تەواو کرد و ڕێژەی پشت بەستن بە دەرمانی ناوخۆیی لە 10%ـەوە بۆ 40%ـی پێداویستی نیشتمانی بەرزبووەوە."

هەروەها وتی: "حکومەت پاڵپشتیی پێشکەش بە جوتیاران و وەرزێڕان کرد سەرەڕای تەنگژەی دارایی، و توانیمان خۆبژێوی لە بەرهەمی گەنمدا بەدەستبهێنین کە لە ساڵی 2025دا گەیشتە (6.2) ملیۆن تۆن،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "بەرهەمی کشتوکاڵی بۆ بەرهەمە جیاوازەکان بە ڕێژەی (18%) لە ماوەی 3 ساڵدا زیادیکردووە و بەرهەمهێنانی گۆشتی پەلەوەر بە ڕێژەی زیاتر لە 120% بەرزبووەتەوە."

سودانی ئەوەشی خستە ڕوو: کە "ڕێژەی بێکاری لە (16.5%)ـەوە بۆ (13.5%) کەمیکردووە و پاڵپشتیی پڕۆژە بچووکەکان و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆییمان کرد، چارەسەری کۆتاییشمان بۆ دۆسیەی پلە وەزیفییەکان دابین کرد و چاکسازییەکی ڕاستەقینەمان لە ژینگەی کەرتی تایبەتدا وەک هاوبەشێکی سەرەکی ئەنجامدا."

ئاشكراشیكرد: "(963) هەزار خێزانی نوێمان خستە ژێر چەتری پاراستنی کۆمەڵایەتی و نیشاندەرەکانی هەژاری لە (25%)ـەوە بۆ نزیکەی (10%) دابەزین، هەروەها گەورەترین پرۆسەی گەڕانی کۆمەڵایەتی لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا جێبەجێ کرا بۆ بەخشینی هاوکاری بە شایستەکان و ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدان و زێدەڕۆیی و بەکارهێنانی سیاسیی ئەم خزمەتگوزارییە."

وتیشی: "کەرتی وزە و وەبەرهێنانی نەوت پەرەسەندن و پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆوە بینی لە ڕاگرتنی سووتانی غاز و وەبەرهێنانی بە ڕێژەی (74%)، لە کاتێکدا کاتێک حکومەتەکەمان دەستبەکاربوو ئەم ڕێژەیە تەنیا (52%) بوو، هەروەها توانای پاڵاوگەکانیش لە 600 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی 2022ـەوە، بۆ نزیکەی 1.2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە سەرەتای ساڵی 2026ـدا بەرزبووەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد: "گرێبەست و ڕێککەوتننامە لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی نەوت و وزەی جیهانی واژۆ کراون، ئەمەش قەبارەی متمانەی جیهانی بە ئابووری عێراق و ڕێکارەکانی حکومەتەکەمان دووپات دەکاتەوە، هەروەها هەنگاوی یەکلاکەرەوەمان بڕیوە لە پلاندانان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی 'ڕێگای گەشەپێدان' کە قۆناغی یەکەمی چووەتە بواری جێبەجێکردنی کردەییەوە و 100 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت."

ڕوونیشیکردەوە: "درێژبوونەوەی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان بە درێژایی 1200 کم، دەبێتە ڕێگایەک بۆ 15 ملیۆن گەشتیار و 22 ملیۆن تۆن بازرگانی و گواستنەوە، و دەبێتە چەقێک بۆ بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندییەکان و تێکەڵبوونی دەرفەتە بەهێزەکان."

سودانی لە وتارەکەیدا بەردەوام بوو و وتی: "هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانمان دوای ساڵانێک دواکەوتن ئەنجامدا، بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆیان لە وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی هاووڵاتییان و هەڵبژاردنی حکومەتە خۆجێییەکاندا بگێڕن، هەروەها سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بۆ یەکەمجار دوای 38 ساڵ جێبەجێ کرا، کە بنکەیەکی زانیاریی میحوەرەی بۆ هەر پرۆسەیەکی گەشەپێدان یان پلاندانانێکی دروست دابین کرد."

جەختیشیکردەوە: "قەرزە دەرەکییەکانی عێراق لە نزیکەی (13) ملیار دۆلارەوە بۆ سنووری (10) ملیار دۆلار دابەزین، و هەڵاوسانی ساڵانەش لە (7.5%)ـەوە بۆ (2.7%) کەمی کردووە،" ئاماژەی بە "جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکان کرد کە بووە هۆی زیادبوونی داهات و ڕاگرتنی بەفیڕۆدان و پاراستنی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی و بازرگانیی نیشتمانی."

هەروەها وتی: "حکومەتەکەمان پارێزگاریی لە ئاڕاستەی جێبەجێکردنی پڕۆژە پەرەپێدەرەکان و دابینکردنی خەرجییە کارگێڕییەکان و مووچە کردووە، لەوانەش پاراستنی کۆمەڵایەتی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق،" ڕوونیشیکردەوە: "کاتێک حکومەت دەستبەکاربوو، قەرزی ناوخۆیی نزیکەی 70 تریلیۆن دینار بوو، لە کاتێکدا قەرزی ناوخۆیی سێ ساڵی ڕابردوو نزیکەی 46 تریلیۆن دینار بووە و 19 تریلیۆن دینارمان لێ داوەتەوە."

ئەوەشی خستەڕوو: "حکومەت جەختی کردووەتە سەر پاڵپشتیکردنی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و ئابووریی گەنجان لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی 'ڕیادە'، و دەیان هەزار قەرزی بچووک بۆ کاری گەنجان بەخشراوە،" ئاماژەی بە "جێبەجێکردنی (25) پڕۆژەی چارەسەرکردنی ئاو کرد کە (4) پڕۆژەی گەورەیان لە دەوروبەری بەغدان، و بازدانێکی گەورەمان لە ڕێژەی داپۆشینی تۆڕەکانی ئاوەڕۆدا بەدیهێنا کە گەیشتە (74%) لە سەرتاسەری عێراق."

سودانی "تەواوکردنی نزیکەی 1000 کم لە ڕێگا دەرەکییە نوێیەکان"ی ڕاگەیاند، هەروەها "(12) پردی نوێ و (16) پڕۆژەی کردنەوەی گرێ کوێرەکانی هاتووچۆ لە بەغدا و زیاتر لە (725) پڕۆژە لە سەرتاسەری وڵات دروست کراون، هەروەها قۆناغی یەکەم لە بەندەری فاو-ی گەورە بە پێنج پڕۆژەکەیەوە تەواو بووە و ئێستا دۆسیەکە ئامادەیە بۆ ئەوەی بخرێتە بەردەم کۆمپانیاکانی کارپێکردن."

سودانی بەردەوام بوو و وتی: "فڕۆکەخانەکانی کەربەلای نێودەوڵەتی و مووسڵ کرانەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کردنەوەی فڕۆکەخانەی ناسریە، ئەمەش وێڕای پڕۆژەکانی بەستنەوەی هێڵی ئاسن و کارەبا، و تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە سەردانە ملیۆنییەکان و ئاوەدانکردنەوەی پارێزگا هەرە هەژارەکان."

ئاماژەی بە "بنیاتنانی (1943) باڵەخانەی قوتابخانەی نوێ و نۆژەنکردنەوەی هەزاران باڵەخانە" کرد بە ڕێژەیەک کە لە مێژووی باڵەخانەکانی قوتابخانە لە عێراقدا هاوتای نەبووە، هەروەها "گێڕانەوەی زیاتر لە 383 ملیۆن دۆلار و 33 تۆمەتبار لە دەرەوەی وڵات، جگە لە تەواوکردنی 460 دۆسیەی تری گێڕانەوە."

سەرۆکوەزیران ڕوونیکردەوە: "بەشداریی فراوان لە هەڵبژاردنەکاندا گوزارشتێکی ڕاستەقینە بوو لە ڕەزامەندیی گەل و قبوڵکردنی هەموو ئەو کارانەی لە ماوەی سێ ساڵی تەمەنی حکومەتەکەماندا پێشکەشمان کردوون،" جەختیشی لە "نیازپاکی بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی نوێ کردەوە و لە هەموو ئەو بڕیارانەی کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتیدا دەریان دەکات، لەگەڵیدا دەبین."

ئەوەشی خستەڕوو: "حکومەت بەرگەی بڕێکی زۆر لە تۆمەتی درۆ و چەواشەکارانە و هەوڵی شێواندنی ڕاستییەکانی گرتووە، سەرەڕای هەبوونی بەڵگەی ڕوون بۆ ئەو دەستکەوتانەی کە بە شێوەیەکی بەرجەستە بەدیهاتوون."

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)