بەغداد - INA - عودەی عەبادی
ئەمڕۆ چوارشەممە، عێراق بەشداری لە چالاکییەکانی 79ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان 2026دا کرد.
پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕایگەیاند: "لە چوارچێوەی بەهێزکردنی ئامادەیی گەشەسندووی سینەمای عێراق لەسەر گۆڕەپانی جیهانی، عێراق لە ڕێگەی نێردەی عێراقی لە نێو هۆڵەکانی فێستیڤاڵەکەدا، بەشداری لە چالاکییەکانی 79ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان کرد کە لە شاری کانی فەرەنسا لە نێوان 12 بۆ 23ی ئایاری 2026 بەڕێوەدەچێت."
ئاماژەی بەوەشکرد: "نەقیبی هونەرمەندانی عێراق و بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی سینەما و شانۆ جەبار جودی، بە یاوەری بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی فیلمی بەغدا، حیکمەت بێزانی، گەیشتنە شاری کانی فەرەنسا بۆ بەشداریکردن لە چالاکییە سینەمایی و کولتوورییەکانی پەراوێزی فێستیڤاڵەکە؛ بە ئامانجی تیشکخستنە سەر ئامادەیی فیلمی عێراقی و ناساندنی ئەزموونە سینەماییە ناوخۆییەکان بە جەماوەر و دروستکەرانی سینەمای جیهانی."
هەروەها وتی: "ئەم بەشدارییە دووپاتکردنەوەی پەرۆشی عێراقە بۆ چەسپاندنی ئامادەیی کولتووری و هونەری خۆی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، و کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێی هاوکاری و ئاڵوگۆڕی هونەری لەگەڵ دامەزراوە سینەماییە جیهانییەکان، جگە لە دەرخستنی ئەو پێشکەوتن و بزووتنەوە داهێنەرانەی کە سینەمای عێراق لە ساڵانی کۆتاییدا بەخۆیەوە بینیوە."
رونیشیكردەوە: "نێردەی عێراق دەبێتە سەکۆیەک بۆ ناساندنی بەرهەمە سینەماییەکانی عێراق و برەودان بە ناسنامەی کولتووری و هونەری نیشتمانی، جگە لە پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی فێستیڤاڵی فیلمی بەغدا وەک یەکێک لە دەسپێشخەرییە کولتوورییەکان کە ئامانجیان چالاککردنی بزووتنەوەی سینەمایی و بەهێزکردنی پەیوەندییە لەگەڵ ئەزموونە جیهانییەکان."
لە کۆتاییدا ئەوەشی خستەڕوو: "بەشداریکردنی عێراق ئامادەبوون لە چەندین نمایشی سینەمایی و سیمینار و دیداری هونەری لەخۆدەگرێت کە فێستیڤاڵەکە بەخۆیەوەیان دەبینێت، ئەمەش بەشدار دەبێت لە فراوانکردنی مەودای هاوکاری لەگەڵ فێستیڤاڵ و لایەنە سینەماییە نێودەوڵەتییەکان و چەسپاندنی پێگەی سینەمای عێراق لەسەر ئاستی جیهان."