بەغداد – INA – عیماد ڕکابی
هەڵبژاردەی نیشتمانیی تۆپی پێمان چاوەڕوانی چوونە نێو کەمپە مەشق و ڕاهێنانەکەیەتی لە ئیسپانیا، وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکانی بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی ٢٠٢٦ کە لەلایەن هەریەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیکەوە لە ماوەی نێوان ١١ی حوزەیران تا ١٩ی تەمموز میوانداری دەکرێت.
پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی، لە زاری یەکێتیی تۆپی پێوە ڕایگەیاند: "وەفدی هەڵبژاردەکە لە بیست و دووی ئەم مانگەدا ڕوو لە ئیسپانیا دەکات، ئەمەش دوای ڕاگەیاندنی لیستی کۆتایی ئەو یاریزانانەی کە بەشداری کەمپەکە دەکەن بە سەرپەرشتی ڕاهێنەری ئوسترالی گراهام ئارنۆڵد".
ئەوەشی خستەڕوو: "چاوەڕوان دەکرێت ئارنۆڵد لە نۆزدە یان بیستی ئەم مانگەدا لە بارەگای یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە بەغدای پایتەخت کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز بکات، بۆ قسەکردن لەسەر ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەکە و بەرنامەی مەشق و ڕاهێنانەکان پێش دەستپێکردنی کێبڕکێ جیهانییەکە".
پەیامنێری (INA) ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو هەواڵانەی باس لە ڕەتکردنەوەی پێدانی ڤیزا بە ژمارەیەک لە یاریزانانی هەڵبژاردەکە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە دەکران دوورن لە ڕاستییەوە، جەختیشی کردەوە: سەرجەم ئەندامانی وەفدەکە کە ژمارەیان ٥٥ کەسە ڕەزامەندی فەرمییان بۆ چوونە ناو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدەستهێناوە و هیچ حاڵەتێکی ڕەتکردنەوە لە ناو لیستە پەسەندکراوەکەدا تۆمار نەکراوە".