🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

وەزارەتی بەرگری: بیابانی نەجەفی ئەشرەف لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدایە

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/05/12 21:08

بەغداد – INA

وەزارەتی بەرگری، ئەمڕۆ سێشەممە، جەختی کردەوە کە بیابانی نەجەف لەژێر کۆنترۆڵ و بەدواداچوونی تەواوی هێزە عێراقییەکاندایە، ئاماژەی بەوەش کرد کە تەواوی ناوچەکان لە چوارچێوەی پلانە سەربازی و هەواڵگرییە پەسەندکراوەکاندا پارێزراون.

وەزارەتی بەرگری لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق، یاریدەدەری سەرۆکی ئەرکانی سوپا بۆ کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان، و ژمارەیەک لە فەرماندە و ئەفسەرە پلەباڵاکانی وەزارەتی بەرگری، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە نوێنەرایەتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلای پیرۆز، گەشتێکی مەیدانییان بۆ بیابانی نەجەفی ئەشرەف ئەنجامدا؛ ئەمەش بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی ئەمنیی ناوچەکە و ئاشکراکردنی ڕاستی ئەو دەنگۆیانەی دوێنێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە بوونی بنکە یان جووڵەی سەربازیی نەناسراو بڵاوکرابوونەوە."

بەپێی راگه‌یندراوه‌كه‌ – فەرماندە ئەمنییەکان لە کاتی گەشتەکەدا –جەختیان کردەوە کە:"بیابانی نەجەفی ئەشرەف لەژێر کۆنترۆڵ و بەدواداچوونی تەواوی هێزە عێراقییەکاندایە، و تەواوی ناوچەکان لە چوارچێوەی پلانە سەربازی و هەواڵگرییە پەسەندکراوەکاندا پارێزراون."

هەروەها جەختیان کردەوە لەسەر "نەبوونی هیچ چالاکییەک یان دامەزراوەیەکی سەربازیی نەناسراو، بەو شێوەیەی کە هەندێک پەیج و سەکۆی میدیایی بانگەشەیان بۆ کردووە."

وەزارەتەکە ئەوەشی خستە ڕوو کە: "گەشتەکە بە ئامادەبوونی فەرماندە سەربازی و ئەمنییە ئاستبەرزەکان بووە، کە تێیدا لە نزیکەوە و بە شێوەیەکی مەیدانی بڵاوەپێکردنی یەکە ئەمنییەکان و ڕێکارەکانی پاراستنی بیابانەکە بینراوە. ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانە بۆ پاراستنی ناوچە بیابانییەکان و ڕێگریگرتن لە هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی یان هەوڵدان بۆ قۆستنەوەی دەنگۆکان بە مەبەستی شڵەژاندنی ڕای گشتی."

لە کۆتاییدا وەزارەت ئاماژەی بەوە کرد کە: "ڕاستییە مەیدانییەکان وەک فەیسەڵ (یەکلاکەرەوە) دەمێننەوە لە بەرانبەر هەڵمەتەکانی چەواشەکاری"، دووپاتیشی کردەوە کە پابەندە بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات و بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی لە سەرجەم کەرتە جیاوازەکاندا.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)