نێودەوڵەتی – INA
وەزارەتی تەندروستی لوبنان، ئەمڕۆ سێشەممە، شەهیدبوونی دوو پزیشکی فریاکەوتن و برینداربوونی پزیشکێکی تری ڕاگەیاند لە کاتی هەوڵدانیان بۆ ڕزگارکردنی بریندارێک لە شاری نەبتییە.
لە ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی ئۆپراسیۆنە فریاگوزارییەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی گشتی لە لوبنان هاتووە: "دوژمنی (ئیسرائیلی) بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تیمی بەرگری شارستانی لە شاری نەبتییە کردە ئامانج، ئەمەش بووە هۆی شەهیدبوونی دوو پزیشکی فریاکەوتن و برینداربوونی یەکێکی تر، لە کاتی هەوڵدانیان بۆ ڕزگارکردنی بریندارێک کە ئەویش لای خۆیەوە شەهید بوو."
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەم هێرشە بەڵگەیەکی تری پێشێلکردنی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانە لەلایەن دوژمنی (ئیسرائیلی) و پشتگوێخستنی سەرجەم نەریتە نێودەوڵەتییەکانە،" هەروەها جەختی کردەوە کە "وەزارەتی تەندروستی گشتی سوورە لەسەر بێدەنگ نەبوون بەرامبەر بەم تاوانانەی کە بە تێپەڕبوونی کات بەسەر ناچن."