نێودەوڵەتی – INA
سەکۆی "تەلەفۆنی ئاگادارکردنەوە" (Alarm Phone) کە تایبەتە بە ڕاگەیاندنی حاڵەتی کۆچبەرانی گیریانخواردوو لە دەریادا، ڕایگەیاند کە ٣٨ کۆچبەر لە باشووری دوورگەی جافدۆس لە باشووری کریت ڕزگارکراون.
کۆچبەرەکان داوای فریاگوزارییان کردبوو دوای ئەوەی ئاو چووبووە ناو ئەو بەلەمەی کە پێی بوون لە ڕێگەیاندا بۆ کەناراوەکانی یۆنان.
سەکۆکە ئاماژەی بەوە کرد کە پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ئەمڕۆ دەستوەردانی کردووە بۆ ڕزگارکردنی کۆچبەرەکان و گواستنەوەیان بۆ دوورگەی کریت، بەڵام دوای ئەوە نەتوانراوە پەیوەندییان پێوە بکرێتەوە.
لە ڕێڕەوێکی ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاستدا، نزیکەی ٧٥ کۆچبەر لە دوێنێ دووشەممەوە لە ناوچەی گەڕان و ڕزگارکردنی سەر بە ماڵتا گیریانخواردووە و چاوەڕێی دەستوەردان دەکەن بۆ ڕزگارکردنیان. سەکۆکە باسی لەوەش کرد کە دەسەڵاتداران ڕێگرییان لە کەشتییەکی بازرگانی کردووە کاتێک هەوڵیداوە یارمەتی کۆچبەرەکان بدات.
سەکۆکە لە ڕێگەی هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیای "ئێکس" ڕایگەیاند: "لەگەڵ کاپتنی کەشتی بازرگانی (کیلپۆرن) قسەمان کرد و بۆی پشتڕاستکردینەوە کە دەگەڕێتەوە لای بەلەمەکە و بەدرێژایی شەو چاودێری دۆخەکە دەکات."
لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی "سی وۆچ" (Sea-Watch)ی ناحکومی ڕایگەیاند کە میلیشیا لیبییەکان تەقەیان لە کەشتی ڕزگارکردنی (سی وۆچ ٥) کردووە، لە کاتێکدا فڕۆکەیەکی سەر بە ڕێکخراوەکە بە ناوی (سیبێرد) لە ئاسمانەوە چاودێری دۆخەکە دەکات.
ڕێکخراوەکە ڕوونیکردەوە: "خەڵکەکە لە دۆخێکی ترس و دڵەڕاوکێدان، کەشتی بازرگانی (کیلپۆرن) لە شوێنەکەدایە سەرەڕای فەرمانەکانی ماڵتا بۆ دوورکەوتنەوە، و پابەندییەکان بۆ ڕزگارکردن هێشتا بەردەوامن."