بەغدا – INA – نەساڕ ئەلحاج
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی تەندروستی، تۆمارکردنی 15 تووشبووی نوێ و یەک حاڵەتی گیانلەدەستدانی بە تای خوێنبەربوون لە عێراق ڕاگەیاند، لە کاتێکدا هۆکارە ڕاستەوخۆکانی نەخۆشییەکەی وەبیرهێنایەوە و ئاماژەی بە نیشانەکانی کرد، ئەوەشی خستە ڕوو کە چارەسەری پێشوەختە لە ناو نەخۆشخانەدا دەکرێت ببێتە هۆی چاکبوونەوە.
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "باری پەتاناسی هەفتانەی تای خوێنبەربوون و ئاماری کەڵەکەبووی ساڵی 2026 بۆ هەفتەی نۆزدەهەم، تۆمارکردنی 15 تووشبووی نوێ و یەک حاڵەتی گیانلەدەستدانی بەخۆوە بینیوە".
وتیشی: "زۆربەی تووشبوونەکان لە پارێزگای زیقار تۆمارکراون کە 5 تووشبووی نوێ بوون، لەگەڵ یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "لە هەفتەی ڕابردوودا دوو تووشبوون لە میسان، دوو لە موسەنا، و یەک تووشبوون لە هەر یەک لە بەغدا/ڕەسافە، دیالە، دیوانیە و کەرکوک تۆمارکراون، جگە لە دوو تووشبوون لە پارێزگای واست".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "کۆی گشتی تووشبوونە نوێیەکان لە هەفتەی ڕابردوودا گەیشتە 15 حاڵەت، لەگەڵ یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان لە کەرکوک".
ئەوەشی خستە ڕوو کە "ئاماری کەڵەکەبووی ساڵی 2026، دوای تێپەڕبوونی 19 هەفتە لە چاودێری پەتاناسی، گەیشتووەتە 48 تووشبوونی پشتڕاستکراوە بە تای خوێنبەربوون و 4 حاڵەتی گیانلەدەستدان".
ڕوونیکردەوە کە "زیقار بەرزترین ڕێژەی تووشبوون و گیانلەدەستدانی تۆمارکردووە و لە لوتکەی پارێزگاکاندایە بە 21 تووشبوون کە 3یان گیانیان لەدەستداوە، بەدوای ئەویشدا موسەنا بە 6 تووشبوون، پاشان میسان بە 5، بابل بە 4 تووشبوون و یەک گیانلەدەستدان، واست بە 4، دیالە بە 3، لە کاتێکدا بەغدا/ڕەسافە دوو تووشبوون، و هەر یەک لە بەسرا، دیوانیە و کەرکوک یەک تووشبوونیان لەمساڵدا تۆمارکردووە".
باسی لەوەش کرد کە "تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسی مەترسیدارە و لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە عێراق تۆمارکراوە، یەکێکە لەو نەخۆشییانەی لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا هاوبەشە".
سەبارەت بە نیشانەکان و گواستنەوەی نەخۆشییەکە وتی: "نەخۆشینەکە زیاتر لە مەڕوماڵات و مانگا و ئەسپدا هەیە، و زۆرجار دەگوازرێتەوە بۆ ئەو کەسانەی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ دەکەن وەک ئاژەڵداران، قەسابەکان و بازرگانانی ئاژەڵ، ئەمەش بەهۆی بەریەککەوتنیان لەگەڵ خوێن و گۆشت و شلەمەنییەکانی ئاژەڵە تووشبووەکە".
جەختیشی کردەوە کە "نەخۆشییەکە لە ڕێگەی گەنە (القراد)ەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ"، ئاماژەی بەوەش کرد "نیشانەکان لە سەرەتادا بریتین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و هەستکردن بە بێهێزی، و دەستنیشانکردنی پێشوەختە گرنگترین فاکتەرە بۆ چاکبوونەوە".
لە کۆتاییدا داوای لە قەساب و ئاژەڵداران کرد کە جلی پارێزەر و دەستکێش بەکاربهێنن و لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکاندا بە زووترین کات سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن، چونکە دواکەوتن ئەگەری گیانلەدەستدان زیاد دەکات.