بەغدا – INA
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیری بازرگانی، ئەسیر داود غەریری، ڕەزامەندی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی ڕاگەیاند بۆ لادانی بلۆک (حجب) لەسەر بەشەخۆراکی مانگانەی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتدا کە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، هاتووە: "لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکومەت بە پاڵپشتیکردنی توێژی هێزە ئەمنییەکان و وەک نرخاندنێک بۆ قوربانییە گەورەکانیان لە پاراستنی نیشتمان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، وەزیری بازرگانی ئەسیر داود غەریری سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی ڕەزامەندی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لادانی بلۆک لەسەر بەشەخۆراکی مانگانەی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان".
غەریری بەپێی ڕاگەیەندراوەکە جەختی کردەوە کە "ئەم بڕیارە هاوتایە لەگەڵ ئەو ڕۆڵە نیشتمانییە گەورەیەی کە هێزە ئەمنییەکان بە هەموو جۆر و پێکهاتەکانیانەوە دەیگێڕن، و ئەو هەوڵ و قوربانییانەی پێشکەشی دەکەن لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و خزمەتکردنی هاوڵاتیان"، ئاماژەی بەوەش کرد "وەزارەت لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەدواداچوونی بۆ ئەم دۆسیەیە کردووە؛ بە مەبەستی دادپەروەری بۆ ئەم توێژە گرنگە و دەستەبەرکردنی مافە خۆراکییەکانیان".
غەریری ڕاسپاردەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی لە وەزارەت کرد "بە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بە شێوەیەکی دەستبەجێ، بە مەرجێک هیچ بڕە پارەیەک یان کرێی کۆکردنەوە (جباية) بۆ لادانی بلۆکەکە وەرنەگیرێت، بە جۆرێک کە دەستەبەری گرتنەوەی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان بکات بە بڕگەکانی بەشەخۆراکی مانگانە هاوشێوەی توێژە شایستەکانی تر".