بەغدا – INA – ئامنە سەلامی
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵی، بەخشینی کۆدی وەزیفی بە زیاتر لە 43 هەزار پێشکەشکار ڕاگەیاند، لە هەمان کاتدا تەواوکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی ڕاگەیاندنی فۆرمی دامەزراندنی بۆ هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و یەکەمەکان پشتڕاستکردەوە.
فازڵ عەبدولزەهرە غەراوی، وتەبێژی فەرمی ئەنجومەنەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و یەکەمەکان بە مافێکی بەدەستهاتوو دادەنرێت بەپێی حوکمەکانی یاساکانی ژمارە (67) و (59)ی ساڵی 2017، و پابەندییەکی یاساییە کە سەرجەم دەسەڵاتەکانی دەوڵەت پێوەی پابەندن"، ئاماژەی بەوەش کرد "ژمارەی پێشکەشکاران بۆ بەدەستهێنانی کۆدی وەزیفی تاوەکو ڕێکەوتی 16/9/2025 گەیشتووەتە (46,918) پێشکەشکار، کە بەپێی ڕەگەز دابەشبوون بەسەر (22,590) نێر و (24,328) مێ".
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەنجومەن پرۆسەی یەکتربڕینی وەزیفی (التقاطع الوظيفي) لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی، وەزارەتی ناوخۆ، دەستەی خانەنشینی نیشتمانی و وەزارەتە ئەمنییەکان ئەنجامداوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کۆدی وەزیفییان پێدراوە لە هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و یەکەمەکان گەیشتووەتە (43,413) کەس، ئەمەش ڕێگەیان پێدەدات پێشکەشی بکەن بۆ فۆرمی دامەزراندن کە ئەنجومەن دواتر ڕایدەگەیەنێت"، ئاماژەی بەوەش کرد "ڕاگەیاندنی دامەزراندنەکان لەلایەن ئەنجومەنەوە وەستاوەتە سەر پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2026 و ئەوەی یاسای بودجە لە پلەی وەزیفی و تەرخانکردنی دارایی تایبەت بە دامەزراندنی بڕوانامە باڵاکان و یەکەمەکان لەخۆی دەگرێت".
غەراوی جەختی کردەوە کە "ئەنجومەن سەرجەم پێداویستییە تەکنیکییەکانی تایبەت بە ڕاگەیاندنی فۆرمی دامەزراندنی بۆ هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و یەکەمەکان تەواو کردووە، کە تەنها بۆ ئەو کەسانە بەردەست دەبێت کە کۆدی وەزیفییان (کۆد) بەدەستهێناوە بە مەبەستی پێشکەشکردن بۆ دامەزراندن"، جەختیشی کردەوە لە "پەرۆشی ئەنجومەن بۆ دابەشکردنی هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و یەکەمەکان بەپێی پسپۆڕییە وردەکان و پێداویستییەکانی وەزارەتەکان".
داواشی لە "شایستەبووان کرد کە بەدواداچوون بۆ لاپەڕە فەرمییەکانی ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵی بکەن بۆ دەستکەوتنی سەرجەم زانیارییەکانی پەیوەست بە دامەزراندنیان".