بەغداد – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، بوونی هەر جۆرە دابەزینێکی ئاسمانی نوێی لە بیابانی کەربەلا ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئاداری ڕابردوو و ڕێکاری پێویست لەو کاتەدا گیراوەتەبەر.
سەعد مەعەن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا ڕایگەیاند: ژمارەیەک لە ئاژانسەکان،و کەناڵە ئاسمانییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بابەتی دابەزینی هێزێک لەئاسمانەوە بۆ بیابانی کەربەلا (ڕۆژهەڵاتی نەخیب و نەجەف) بڵاوکردووەتەوە.
"مەعەن" ڕوونیکردەوە: ئەم بابەتە پەیوەندی بە ڕووداوێك لە رۆژی 5-3-2026ەوە هەیە، کاتێک هێزێکی ئەمنی و سەربازی عێراقی لەو کاتەدا ڕووبەڕووی هێزێکی نەناسراو و بێ مۆڵەت بوونەوە، کە بووە هۆی شەهیدبوونی کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان و برینداربوونی دووانی دیکە.
ئاماژەی بەوەشکرد: لە دوای ئەو ڕووداوە هێزە ئەمنییەکانمان بەردەوام بوون لە فشار و مانەوە لەو ناوچانە و ناوچەکانی تریش، ئەو هێزانەی ئەو کاتە تووشی پێکدادان بوون سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا و نەجەف بوون.
وتیشی: یەکە سەربازییەکانمان لە ڕێگەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و بە ڕاسپاردە و بەدواداچوونی فەرماندەیی، بەردەوام بوون لە پشکنینی تەواوی کەرتەکانی ئۆپەراسیۆن لە سەرجەم عێراق و ناوچە بیابانییەکان، لەوانەش ئەم ناوچەیە.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە ماوەی پشکنینەکانی مانگی چوار و پێنج (نیسان و ئایار)دا، هیچ بوونێکی ئەو هێزە یان هەر هێزێکی تری بێ مۆڵەت و کەرەستەیەک لەو شێوەیە نەدۆزراوەتەوە،و جەختیشیکردەوە کە هێزە ئەمنییەکانمان بەردەوامن لە ئەرکەکانیان و لە ئێستادا لە ناو ئەو ناوچانە و هیچ ناوچەیەکی تری عێراقدا هیچ بوونێکی هاوشێوە نییە.
لە کۆتاییدا شانەکە ڕایگەیاندوە : کە ئەم ڕووداوە دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 5ی ئاداری 2026 و لەو کاتەدا سەرجەم ڕێکارە پێویستەکان گیراونەتەبەر.