بەغدا – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،دەزگای دژەتێرۆر، دەستبەسەرداگرتنی دوو کۆگای تەقەمەنی و تێکدانی حەشارگەیەکی پاشماوەکانی تاقمە تیرۆریستییەکانی داعشی لە زنجیرە چیاکانی حەمرین و دیالە ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوێکی دەزگاکەدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە: "یەکە ئەمنییەکانی دەزگاکە، لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا و لەسەر بنەمای زانیاری وردی هەواڵگری و بەدواداچوونی مەیدانی بەردەوام، توانییان دەست بەسەر دوو کۆگای تەقەمەنیدا بگرن لە زنجیرە چیاکانی حەمرین لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و کەرکوک.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە: دەزگاکە توانی حەشارگەیەکی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش بپشکنێت کە کۆمەڵێک ماددەی تەقەمەنی و فیشەکی تێدابوو، هەروەها کۆگای دووەمیش لە پارێزگای دیالە لە قەزای مەندەلی دۆزرایەوە.
دەزگای دژەتێرۆر جەختی لەسەر بەردەوامبوونی لە جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانییەکانی بۆ پاراستنی عێراق و گەلەکەی کردۆتەوە، لە ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی تاقمە تیرۆریستە تێکشکاوەکان.