🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

وەزارەتی ژینگە پلانێکی سێ تەوەری بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە لە بەغدا رادەگەیەنێت

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/05/10 14:14

بەغدا - INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،وەزارەتی ژینگە، پلانێکی سێ تەوەری بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە لە بەغدا ڕاگەیاند، هاوکات جەختی لە بەردەوامی هەڵمەتە چاودێرییەکانی کردەوە بۆ سنووردارکردنی سەرچاوەکانی پیسبوون لە پایتەخت.

سینان جەعفەر، بەڕێوەبەری گشتیی پاراستن و باشترکردنی ژینگە لە ناوچەکانی ناوەڕاست، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: هەڵمەتە چاودێرییە هاوبەشەکان لە بەغدای پایتەخت بەردەوامن بۆ لابردنی سەرپێچییە ژینگەییەکان و کەمکردنەوەی سەرچاوەکانی پیسبوون، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد: تیمە هاوبەشەکان بە هاوکاری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا و فەرمانگە شارەوانییەکان، توانیویانە پتر لە 22 شوێنی سەرپێچیکاری توانەوەی مەعدەن لە بەری ڕەسافە دابخەن و لای ببەن،هەروەک وتیشی: ئەم شوێنانە ببوونە هۆی بڵاوبوونەوەی گاز و بۆنی زیانبەخش کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ژینگە و تەندروستی گشتی هەبوو.

ڕوونیشیکردەوە : کە ئەم ڕێکارانە لە چوارچێوەی کارەکانی لێژنەی فەرمانی دیوانیدایە بۆ بەدواداچوون و پشکنینی ئەو کارگە و شوێنە نایاساییانەی مەعدەن دەتوێننەوە. جەختیشی کردەوە کە وەزارەتی ژینگە بەردەوامە لە ئەنجامدانی هەڵمەتی مەیدانی چڕ و جۆراوجۆر وەک هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ ڕاگرتنی هەر پێشێلکارییەک کە ببێتە هۆی پیسبوونی هەوا، هەروەها تۆمارکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دژی سەرپێچیکاران.

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: وەزارەت کار دەکات بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە حکومییە جیاوازەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە و باشترکردنی باری ژینگەیی لە بەغدا، بە شێوەیەک کە هاوکار بێت لە پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و پاراستنی ژینگە.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)