بەدواداچوون-INA
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی گواستنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە بنکە سەربازییەکانی ئیتاڵیا کرد، و ڕۆمای تۆمەتبار کرد بەوەی پاڵپشتی پێویستی پێشکەش بە واشنتن نەکردووە لە کاتی شەڕ لەگەڵ ئێراندا.
ڕۆژنامەی "کۆریێری دێلا سێرا"ی ئیتاڵی لە زاری ترەمپەوە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا بڵاویکردەوە، کە ئەو "هێشتا لێکۆڵینەوە دەکات" لە گواستنەوەی هێزەکانی لە ئیتاڵیا و وتیشی: ئیتاڵیا لەو کاتەی پێویستمان پێی بوو، لەوێ نەبوو.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ترەمپ ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر کاردانەوەی ئێران بەرامبەر بە پێشنیازی ئاشتی ئەمریکا بدات، کە چاوەڕوان دەکرا دوێنێ هەینی ڕابگەیەنرێت.
لەلایەکی دیکەوە، جویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگری ئیتاڵیا ڕایگەیاند کە ئەو "ناتوانێت تێبگات" لەو هۆکارانەی لە پشت هەڕەشەکانی ترەمپەوەن,کرۆسێتۆ کە لە تشرینی یەکەمی 2022 ەوە لە حکومەتەکەی جۆرجیا مێلۆنی ئەو پۆستەی وەرگرتووە، ئاماژەی بەوە کرد کە ئیتاڵیا لەگەڵ وڵاتانی دیکە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکدا کاردەکات بۆ ئامادەکاریی ئەرکێک لە گەرووی هورمز کە جەخت لەسەر لادانی مین و پاراستنی گەشتیاری دەریایی دەکاتەوە.
داتا بڵاوکراوەکانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا نیشانی دەدەن کە تا کۆتایی ساڵی 2025، نزیکەی 12700 سەربازی ئەمریکی لە خزمەتگوزاری چالاکدا بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە ئیتاڵیا جێگیربوون، ئەمەش وای کردووە ببنە دووەم گەورەترین هێزی ئەمریکا لە ئەوروپا لە دوای ئەڵمانیاوە.
پێشتر ئاژانسی هەواڵی "ئانسا"ی ئیتاڵی بڵاویکردبووەوە کە ترەمپ وتوویەتی ڕەنگە بوونی سەربازی ئەمریکا لە ئیسپانیا و ئیتاڵیا کەم بکاتەوە، ئەمەش وەک ڕەخنەیەک لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی کە هاوکارییان لە شەڕی دژی ئێراندا نەکردووە.
سەرچاوە: ئاژانسەکان