بەدواداچوون - INA
سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، مەهدی تاج، حەوت مەرجی بەشداریكردنی وڵاتەكەی لە مۆندیالی 2026 كە مانگی داهاتوو لە ئەمریكا، كەنەدا و مەكسیك بەڕێوەدەچێت ڕاگەیاند.
تاج لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی وەرزشی ئێراندا ئەو حەوت مەرجەی خستەڕوو، مەرجی یەكەم ئەوەیە كە هەموو یاریزانان و ستافی ڕاهێنەرایەتی بە تایبەت ئەوانەی لە سپای پاسداران خزمەتیان كردووە، وەك مەهدی تارمی و ئیحسان حاج سەفی بەبێ هیچ كێشەیەك ڤیزە وەربگرن.
سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران هەروەها مەرجی ئەوەی دابوو كە دوای دەركردنی ڤیزە، نابێت یاریزانان و ستافی ڕاهێنەرایەتی لە كاتی گەشتەكەیاندا لەلایەن پۆلیسی كۆچبەرانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
هەروەها پرۆسەی پێدانی ڤیزەی بۆ ڕۆژنامەنووسان و هاندەرانی ئێرانی كە بەشداری یارییەكان دەكەن دیاری كرد،جگە لەوەش ڕایگەیاند كە پۆلیسی ئەمریكا دەبێت بەرزترین ئاستی پاراستن و پرۆتۆكۆڵی ئەمنی لە فڕۆكەخانە و هۆتێل و ڕێگا سەرەكییەكان و یاریگادا بپارێزێت بۆ ڕێگریكردن لە هەر ڕووداوێك یان كێشەیەكی ئەگەری (وەك ئەوانەی لە ئوسترالیا ڕوویانداوە).
جەختیشی لەوە كردەوە : كە هاندەرانی هەردوو هەڵبژاردە تەنیا ئاڵای فەرمی خۆیان لەگەڵ خۆیان بهێنن بۆ یاریگاكە، هەروەها هیچ ئاڵایەك جگە لە ئاڵای فەرمی كۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگەپێدراو نابێت.
هەروەها مەرجەكانی ئێران گەرەنتی ئەوەی لەخۆگرتبوو كە سروودی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەكی دروست و بەبێ پچڕان لە هەموو یارییەكاندا پەخش بكرێت.
سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران مەرجەكانی بەشداریی هەڵبژاردەی نیشتمانی لە مۆندیالدا بە مەرجی ئەوەی كە پرسیاری ڕۆژنامەنووسان لە كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەكاندا تەنیا لە بابەتی تەكنیكی پەیوەست بە یارییەكانەوە سنووردار بێت، كۆتایی پێهێنا.
شایانی باسە كە كاربەدەستانی كەنەدا هەفتەی ڕابردوو ڕێگرییان لە هاتنی مەهدی تاج و دوو بەرپرسی دیكەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران كرد لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی تۆرۆنتۆوە، چونكە لە ڕێگادا بوون بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی فیفا لە ڤانكۆڤەر.
لەلایەكی دیكەوە، دواتر یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا پشتڕاستی كردەوە كە هەڵبژاردەی ئێران هێشتا بە نیازە بەشداری لە یارییەكانی كۆتاییدا بكات، هاوكات ڕاپۆرتەكان دانوستانەكانی گواستنەوەی یارییەكانی ئێران لە ئەمریكاوە بۆ مەكسیك ئاشكرا دەكەن.
سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی فارس.