بەغدا - INA
هەردوو وەزارەتی پلاندانان، و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆمەڵێک ڕاسپاردەیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری و بێکاری دەرکرد، ئەمەش لە کاتی کۆتاییهاتنی کارەکانی یەکەمین کۆنگرەی زانستیی هەژاری و بێکاری لە عێراق.
وەزارەتی پلاندانان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاند: کۆتایی بە کارەکانی یەکەمین کۆنگرەی زانستیی هەژاری و بێکاری لە عێراق هێنا، کە بە هاوکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و لەژێر دروشمی: (تەواوکاریی زانیاری و سیاسەتەکان... بەرەو چارەسەری دادپەروەر و بەردەوام کە کاریگەری دروست بکەن) بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەڕێوەچوو.
ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆنگرەکە لە میانی دانیشتنەکانیدا، ئاڵینگارییە پێکهاتەییەکانی بەردەم ئابووری عێراق و پێکهاتەییەکانی کۆمەڵگەی تاوتوێ کرد کە گەورەترین کاریگەرییان هەبووە لە زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و هەژاریدا. بەشداربووان گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری و بێکاری پێویستی بە وەرچەرخانێکی بنەڕەتی هەیە لە فەلسەفەی ئابووریدا، لە 'دەوڵەتی ڕەییعی'یەوە بۆ 'دەوڵەتی گەشەپێدەر'."
ڕاگەیەندراوەکە وتیشی کە کۆنگرەکە بە کۆمەڵێک ڕاسپاردە کۆتایی هات، کە لەلایەن 'مەها ڕاوی' بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی مرۆییەوە خوێندرانەوە، لەوانە: جەختکردنەوە لەسەر پێویستی گواستنەوە لە ئابووریی 'هاوکاری'یەوە بۆ ئابووریی 'دەرفەت و تواناسازی'، لە ڕێگەی داڕشتنی سیاسەتی گەشەپێدان کە پشت بە داتاکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و ڕوپێوییە ئامارییەکان ببەستێت. هەروەها حوکمڕانیی بەرهەمهێنان و تادواوکردن و بەکارهێنانی داتاکانی گەشەپێدان، لەگەڵ چاکسازی لە سیاسەتی دامەزراندنی حکومی و هاندانی دامەزراندن لە کەرتی تایبەت، و بەهێزکردنی تێکەڵکردنی ژنان لە بازاڕی کار و زیادکردنی بەشداریی ئابوورییان بە جۆرێک کە کارایی و دادپەروەری بەدیبهێنێت، لەگەڵ چالاککردنی سەنتەرەکانی توێژینەوە و فیکر لە بوارە ستراتیژی و کۆمەڵایەتییەکاندا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کۆنگرەکە ڕاسپاردەیدا بە ڕێکخستنەوەی پەیوەندی نێوان زانکۆکان و کەرتی تایبەت، لە ڕێگەی هێنانەکایەی پسپۆڕی و بەرنامە پیشەیی و تەکنیکییە نوێیەکان کە پەیوەستن بە وەرچەرخانی دیجیتاڵی، زیرەکی دەستکرد، و وزەی نوێبووەوە. لەگەڵ پشتگیریکردنی دەسپێشخەرییەکان و پڕۆژە بچووکەکان، و دابینکردنی قەرزی ئاسان بۆ گەنجان و دەرچووان بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژە نوێیەکان، و بەهێزکردنی کولتووری کارکردنی سەربەخۆ و ئابووریی دیجیتاڵی، و بونیادنانی بەرنامەی ڕاهێنان و شیاندنی هاوبەش، جگە لە بەشدارکردنی دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت لە داڕشتنی بەرنامە ڕاهێنانییەکان، و پەرەپێدانی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی و بەستنەوەی ڕاهێنانی پراکتیکی بە پێداویستییەکانی بازاڕی کاری ناوخۆیی و ناوچەیی.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕاسپاردەکان ئەمانەشی لەخۆگرتبوو: دەستپێکردنی بەرنامە بۆ ڕاهێنان و دامەزراندنی ژنان و گەنجان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، و بەهێزکردنی ڕۆڵی توێژینەوەی زانستی لە چارەسەرکردنی هەژاری و بێکاریدا، لەگەڵ بەهێزکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و خۆراک و تەندروستی، جگە لە پەرەپێدانی بەرنامەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ توێژە خاوەن داهاتە سنووردارەکان، و دەستپێکردنی دەسپێشخەرییە نیشتمانییە هاوبەشەکان بۆ دامەزراندنی گەنجان و دەرچووان و بەبازاڕکردنی دەرەنجامەکانی زانکۆ لە بازاڕی کاردا بە ڕێگەی نوێخوازانە، لەگەڵ ئامادەکردنی پۆلێنکردنێکی نیشتمانی بۆ زانکۆکان."
کۆنگرەکە جەختی لەوە کردەوە کە "کەرتی تایبەت هاوبەشێکی سەرەکییە لە گەشەپێداندا"، و ڕاسپاردەیدا بە ئاسانکردنی ڕێکارەکانی زانکۆکان بۆ بەستنی هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت بۆ دامەزراندنی دەرچووان لە وەزیفە بەردەوامەکاندا، و پشتگیریکردنی کارسازیو پڕۆژەی خوێندکاران و دەرچووان، لەگەڵ بەستنەوەی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان بە پڕۆژە گەورەکان بەپێی توانایان بۆ دابینکردنی هەلی کاری ڕاستەقینە بۆ هێزی کاری ناوخۆیی، و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی، بە جۆرێک کە هاوکار بێت لە دابینکردنی هەلی کار، لەگەڵ بەدیجیتاڵکردنی ڕێکارەکانی دامەزراندنی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان و پاڵپشتیکردنیان.
لە کۆتاییدا، کۆنگرەکە داوای کرد بە قۆستنەوەی 'هەلی دیمۆگرافی'ی گەنجانی عێراق، لە ڕێگەی دەستپێکردنی دەسپێشخەرییەکی نیشتمانی بۆ سڕینەوەی نەخوێندەواریی دیجیتاڵی، و تواناسازیی گەنجان لە ناوچە هەژارنشینەکاندا بۆ فێربوونی لێهاتووییەکانی 'کارکردن لەدوورەوە'، و پشتگیریکردنی پڕۆژە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان، و چالاککردنی ئەو ئابوورییانەی لەسەر میراتی شارستانی بونیاد نراون، جگە لە پاڵپشتیکردنی پلاتفۆرمەکانی کارکردنی ئەلیکترۆنی بۆ پەرەپێدانی ئابووریی پلاتفۆرمەکان و بەردەوامیی فێربوونی بەردەوام و دیجیتاڵی.