بەغدا - INA
مەهدی باقر، ئەمینداری گشتیی لیژنەی نیشتمانیی بارالمپیی عێراق، جەختی لە تەواوبوونی ئامادەکارییە هونەری و کارگێڕییەکانی ئەو یەکێتییە وەرزشییانە کردەوە کە بەشداری لە خولی یارییەکانی ئاسیادا دەکەن، کە بڕیارە لە شاری ئایچی ناگۆیای ژاپۆن لە ماوەی ١٨ تا ٢٤ی تشرینی یەکەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت. هەروەها ستایشی ئەو پاڵپشتییە حکومییەی کرد کە بۆ سەرکەوتنی بەشداریی عێراق لەم کۆڕبەندە کیشوەرەدا پێشکەش کراوە.
باقر بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: چواردە یەکێتیی وەرزشی تاقیکردنەوەکانی هەڵبژاردنی یاریزانان و ئەو تیمانەیان کۆتایی پێهێناوە کە نوێنەرایەتی عێراق لە خولی ئاسیادا دەکەن، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەموو یەکێتییەکان دەستیان کردووە بە دانانی بەرنامەی ئامادەکاریی گشتگیر بۆ دەرکەوتنی شایستە و بەدەستهێنانی ئەنجامی ئەرێنی.
ڕوونی کردەوە کە بەرنامەی ئامادەکارییەکە ئەنجامدانی کەمپی ڕاهێنانی ناوخۆیی دەگرێتەوە کە سەرەتای مانگی حوزەیرانی داهاتوو دەستپێدەکات، ئەوەش دوای کۆتاییهاتنی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ، جگە لە کەمپێکی دەرەکی کە بۆ ماوەی دە ڕۆژ لە مالیزیا پێش دەستپێکردنی کێبڕکێکان بەڕێوەدەچێت، پاشان شاندەکەی عێراق ڕاستەوخۆ لەوێوە بەرەو ژاپۆن بەڕێدەکەون.
وتیشی: یەکێتییە وەرزشییەکان شوێنی کەمپە ناوخۆییەکانیان دیاری کردووە، هاوکات چەند لیژنەیەکی پسپۆڕ پێکهێنراون بۆ سەرپەرشتیکردنی ئامادەکردنی جلی فەرمیی شاندی عێراق، جگە لە دابینکردنی کەرەستە و جلوبەرگی تایبەت بە هەر یەکێتییەکی بەشداربوو.
باقر ئاماژەی بەوەش کرد کە لیژنەی بارالمپی کۆبوونەوەی هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی ڕێکخەری خولەکە لە ژاپۆن ئەنجامداوە بۆ بینینی یاریگاکان و شوێنی نیشتەجێبوونی شاندەکان و دامەزراوەکانی پاڵەوانێتییەکە، جگە لە ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە ڕێگەی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە بۆ بەدواداچوونی لایەنە ڕێکخستنی و هونەرییەکانی بەشدارییەکە.
ئەمینداری گشتی ستایشی پاڵپشتییە حکومییەکەی کرد بۆ وەرزشی بارالمپی و ڕوونی کردەوە کە سەرۆکایەتی وەزیران، بە بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وەرزش، ئەیاد بنیان، بڕی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ پشتگیریکردنی بەشداریی عێراق لە خولی ئاسیادا تەرخان کردووە، بە ئامانجی ڕەخساندنی باشترین بارودۆخ بۆ وەرزشوانان و کێبڕکێکردن بۆ بەدەستهێنانی مەدالیا."
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە "ئەم بەشدارییە وێستگەیەکی گرنگە بۆ ئامادەکاری و شیاندن بەرەو پاڵەوانێتییەکانی داهاتوو، بەتایبەتی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لە لۆس ئەنجلوس، جگە لەوەی دەرفەتێکی گرنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیارترین پاڵەوانانی جیهان لە کیشوەری ئاسیادا