بەدواداچوون - INA
میدیاکانی (ئیسرائیل)، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕایانگەیاند: پرۆسەیەکی تیرۆرکردن ئەنجامدراوە و فەرماندەی هێزی ڕزوانی لە قەراغی باشووری بەیرووت کردووەتە ئامانج.
کەناڵی ١٤ی (ئیسرائیل) بڵاویکردەوە: "هێزەکانیان سەرکەوتوو بوون لە لەناوبردنی (مالک بەلووت)، فەرماندەی هێزی ڕزوان، لەگەڵ ژمارەیەک چەکداری تردا."
لە هەمان چوارچێوەدا، دەستەی پەخشی (ئیسرائیل) جەختیکردەوە: "ئەو سەرکردەیەی لە هێرشەکەدا کراوەتە ئامانج، مالک بەلووت-ە."
کەناڵی ١٤ لە سەرچاوەیەکی (ئیسرائیلی)یەوە گواستییەوە: "ئەگەر دەرفەتی تری تیرۆرکردن بێتە پێشەوە، لە 'هەر شوێنێک بێت' کار بۆ ئەنجامدانی دەکرێت،" و ئاماژەی بەوەشکرد: "خەمڵاندنەکان لە ئیسرائیل ئاماژە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی تیرۆرکردنەکە لە بەیرووت دەکەن."
هەروەها رونیكردەوە: "ئەو پرۆسەیەی کە زانیارییەکانی باشووری بەیرووتی کردە ئامانج، بە هەماهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەنجامدراوە."