بە بەشداریی ١٢ بانک.. کەرکووک میوانداریی چالاکییەکی تایبەت بۆ بەهێزکردنی گشتگیریی دارایی دەکات
کەرکووک – INA – ڕوودی ئەنوەر
بانکی ناوەندیی عێراق، بە بەشداریی ١٢ بانکی حکومی و ئەهلی، چالاکییەکی تایبەتی لە پارێزگای کەرکووک ڕێکخست کە ئامانجی بەهێزکردنی گشتگیریی دارایی (الشمول المالي) و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی مامەڵە داراییە دیجیتاڵییەکانە، جگە لە کردنەوەی ئاسۆی هاوکاری لە نێوان هاوڵاتییان و دامەزراوە بانکییەکاندا.
مەئاب مستەفا، نوێنەری بانکی ڕافیدەین لە کەرکووک، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاند: "ئەم چالاکییە یەکەمینە لە جۆری خۆی لە پارێزگاکەدا، و تێیدا خزمەتگوزاری و ئۆفەر و ئەو ئاسانکارییانە دەخرێنە ڕوو کە بانکەکان پێشکەشی دەکەن، جگە لە ئاسانکاری بۆ ڕێکارەکانی کردنەوەی هەژماری جاری و هەژماری پاشەکەوت."
وتیشی: "چالاکییەکە جەختی لەسەر گرنگیی دەرکردنی کارتە ئەلیکترۆنییەکان و بەکارهێنانی ئامرازەکانی پارەدانی مۆدێرن لە پرۆسەکانی بازاڕکردن و پارەدانی حکومیدا کردووەتەوە، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی چەمکەکانی گشتگیریی دارایی و ڕێگاکانی پاراستنی زانیارییە بانکییەکان."
لای خۆیەوە، زەید ڕەعد، بەڕێوەبەری فرۆشتن لە بانکی حکومیی ڕەشید لە کەرکووک، بە (INA)ی ڕاگەیاند: "ئەو چالاکییەی بانکی ناوەندی ئەنجامی داوە، لێکەوتەی ئەرێنی دەبێت، بەتایبەت لە بوارەکانی قەرز و دابینکردنی دارایی (تمويل)،" ئاماژەی بەوەش کرد کە تیشک دەخاتە سەر دەستپێشخەرییەکانی قەرزی نیشتەجێبوون، پاڵپشتیکردنی پڕۆژە بچووکەکان، و ئەو قەرزە کەسییانەی کە بانکی ناوەندی سەرپەرشتییان دەکات.
بەپێی وتەی سەرپەرشتیارانی چالاکییەکە، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ئامادەی بووە، ئامانجی سەرەکیی ئەم چالاکییە بریتییە لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە داراییەکان بە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە بە نرخێکی گونجاو، و کارکردن بۆ گۆڕانکاری لە پشتبەستن بە نەختینە (کاش)ەوە بۆ سیستەمی بانکی دیجیتاڵی.
ڕوونیان کردەوە کە ئەم گۆڕانکارییە بەشدار دەبێت لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی هەڵگرتنی پارەی نەختینە، و ئاسانکاریی پرۆسەکانی کڕین و فرۆشتن لە ڕێگەی ئامێرەکانی خاڵی فرۆشتن (POS)، جگە لە پاڵپشتیکردنی ئابووریی ناوخۆیی لە ڕێگەی بەهێزکردنی سیولە (Liquidity) لە ناو سیستەمی بانکی فەرمیدا.