هەمەڕەنگ – INA
توێژینەوەیەکی زانستی نوێ دەریخستووە کە سستی غوودەی دەرەقی، وەستانی هەناسە لە کاتی خەودا و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەموویان ئەو هۆکارانەن کە یارمەتیدەرن لە زیادکردنی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی چەوری جگەر.
زانایان لە کاتی توێژینەوەکەدا، شیکردنەوەیان بۆ داتا پزیشکییەکانی ١٥ هەزار کەسی تووشبوو بە نەخۆشی چەوری جگەر کردووە و بەراوردیان کردووە بە داتای ٧٥ هەزار کەسی تەندروست؛ ئەنجامەکان دەریانخستووە ئەو کەسانەی نەخۆشی چەوری جگەریان هەبووە، بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر لەبەر مەترسی تووشبوون بوون بە قەڵەوی، شەکرەی جۆری دووەم، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، تێکچوونی مێتابۆلیزمی چەوری، وەستانی هەناسە لە کاتی خەودا و سستی فەرمانەکانی غوودەی دەرەقی.
دەرکەوتووە کە گەورەترین هۆکاری مەترسی بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییە بریتییە لە قەڵەوی، بەتایبەت لای ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار ٥٠ ساڵییەوەیە. هەروەها توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە نەخۆشی چەوری جگەری مێتابۆلیزمی زۆرجار پەیوەستە بە ئاڵۆزییەکانی دڵ و دەمارەکان، سستبوونی جگەر (تەلیف)، شێرپەنجەی جگەر و بەرزبوونەوەی ئەنزیمەکانی جگەر. زانایان پێیان وایە ڕەچاوکردنی ئەم هۆکارە جیاوازانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دەستنیشانکردنی وردتری ئەو کەسانەی کە ئەگەری تووشبوونیان زیاترە.
نەخۆشی چەوری جگەری پەیوەست بە تێکچوونی مێتابۆلیزم (MASLD)، کە پێشتر بە "نەخۆشی چەوری جگەری نا-کحوولی" (NAFLD) ناودەبردرا، بەهۆی کۆبوونەوەی چەوری لە جگەردا دروست دەبێت و دەبێتە هۆی هەوکردن و هەندێکجاریش تێکچوونی شانەکانی جگەر، ڕەنگە خراپتر بێت و بگاتە ئاستی تیاچوونی جگەر (مۆمبوونی جگەر) یان تووشبوون بە شێرپەنجەی جگەر.
سەرچاوە: ئاژانسەکان