بەغدا – INA
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو عەلی فالح زەیدی و سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق نێچیرڤان بارزانی، جەختیان لە گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکان کردەوە بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی کە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق کۆبکاتەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە ڕاگەیاندراوێکدا کە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ڕایگەیاند: "سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ دووشەممە پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد."
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "لە دیدارەکەدا باس لە کۆی بارودۆخی وڵات و گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکان کرا؛ بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی کە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق کۆبکاتەوە و هیوا و ئاواتەکانی هاووڵاتییان بەدیبهێنێت، هەروەها جەخت کرایەوە لەسەر گرنگیی چڕکردنەوەی کارەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی قۆناغی ئێستا، ئەمەش وا دەخوازێت هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هێزە سیاسییەکان بەهێز بکرێت و ئاستەنگەکان تێپەڕێنرێن بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەپێی یاسا و ڕێکارە دەستوورییە پەسەندکراوەکان."
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، بارزانی جارێکی تر پیرۆزبایی لە "زەیدی کرد بەبۆنەی ڕاسپاردنی بە فەرمی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە نیشتمانییەکەیدا"، لە بەرامبەریشدا زەیدی "سوپاس و پێزانینی زۆری خۆی بۆ سەرۆکی هەرێم دەربڕی، و ستایشی پەرۆشیی ئەوی کرد بۆ پشتگیریکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی وەزاری، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتەکەمان بکات."