بەغدا – INA – ویسام مەلا
ئەمڕۆ یەکشەممە "عەدنان فەیحان دلێمی"جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران،جەختی کردەوە کە چەندین یاسای گرنگ لەبەردەم پەرلەماندان، هاوکات ڕوونیشی کردەوە کە یاساکانی نەوت و گاز و حەشدی شەعبی لە کارە لەپێشینەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانن.
"فەیحان" بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: دوای تەواوبوونی لیژنە پەرلەمانییەکان لە ناو ئەنجومەنی نوێنەران، دەستیان کردووە بە کارەکانیان بۆ دیراسەکردنی یاساکان و پێشکەشکردنیان بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران.
ئاماژەی بەوەشکرد: لیژنەکان دەستیان کردووە بە ئامادەکردنی کۆمەڵێک یاسا و بۆ خوێندنەوەی یەکەم پێشکەش کراون، هەروەها کۆمەڵێکی دیکە لە یاسامان لەبەردەستە کە بەپێی گرنگییان قۆناغ بە قۆناغ دەخرێنە ناو بەرنامەی کارەوە.
لە بەردەوامی قسەکانیدا ووتیشی: چەندین یاسای گرنگ هەن کە دەبنە کاری لەپێشینەی هێزە سیاسییەکان و حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی بخرێنە ناو بەرنامەی کاری ئەنجومەنەوە،و دوپاتیشی کردەوە کە یاساکانی نەوت و گاز و حەشدی شەعبی لە پێشینەی کارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەبن.