بەدواداچوون - INA
پۆلیسی نەمسا پیاوێکی دەستگیرکرد کە گومانی لێدەکرێت دەرمانی مشکی خستبێتە ناو قوتووی خۆراکی منداڵانەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕەنگە پاڵنەرەکەی هەوڵدان بێت بۆ سەرانەوەرگرتن .
پۆلیس گومانلێکراوەکەی کە تەمەنی 39 ساڵە لە ویلایەتی "بورگنلاند" لە باشووری ڤییەنا دەستگیرکردووە، وەک ئەوەی ئاژانسی هەواڵی نەمسا بڵاویکردووەتەوە، بێ ئەوەی ناسنامەکەی ئاشکرا بکات.
تۆمەتی "بەئەنقەست خستنە مەترسیی سەلامەتی گشتی" و "هەوڵدان بۆ گەیاندنی زیانی جەستەیی سەخت" ئاراستەی گومانلێکراوەکە کراوە.
ئەم دەستگیرکردنە دوای دوو هەفتە دێت لەوەی دەسەڵاتدارانی نەمسا بوونی دەرمانی مشکیان لەناو چەند قوتوویەکی خۆراکی منداڵان دۆزییەوە کە لە هەندێک فرۆشگای گەورەدا دەفرۆشران.
پۆلیسی ئەڵمانیاش بەشداری لە لێکۆڵینەوەکەدا کردووە، چونکە قوتووەکان لە ئەڵمانیا دروستکراون. پۆلیس توانیویەتی پێنج قوتووی ژەهراویکراو پێش خواردنیان لە نەمسا و کۆماری چیک و سلۆڤاکیا کۆبکاتەوە.
پۆلیس بڕوای وایە پاڵنەری پشت تاوانەکە سەرانەوەرگرتن بێت لەو کۆمپانیایەی کە بەرهەمەکانی لە بازاڕەکانی نەمسا کێشاوەتەوە.
یەکێک لە قوتووە ژەهراوییەکان لە سوپەرمارکێتی "سپار" لە ویلایەتی بورگنلاند کڕدراوە، و دەرکەوتووە کە 15 مایکرۆگرامی دەرمانی مشکی تێدایە،و گومان دەکرێت قوتوویەکی تریش کە لە هەمان سوپەرمارکێت فرۆشراوە ژەهراوی کرابێت، بەڵام تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە.