بەغدا - INA
ئەمڕۆ هەینی ژمارەیەك بەرپرس و سەركردە و ئەندامانی پەرلەمان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی كرێكارانەوە پیرۆزبایی لە كرێكارانی عێراق كرد كە هەموو ساڵێك دەكەوێتە 1ی ئایاری ڕابردوو.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەم ڕۆژە نێودەوڵەتییەدا، بەردەوامی پشتیوانی تەواوی بۆ مافەكانی كرێكاران و داوا ڕەواكانیان دووپات كردەوە.
لە بەیاننامەیەكدا كە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە و بارزانی ڕایگەیاند : بەبۆنەی 1ی ئایار ڕۆژی جیهانیی كرێكارانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم كرێكارانی كوردستان و عێراق و جیهان و سەندیكا و ڕێكخراوەكانیان دەكەم، زۆر بەرز دەنرخێنم ماندووبوون و هەوڵ و ڕۆڵی كارایان لە ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتدا.
ووتیشی: بەم بۆنەیەوە پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ مافەكانی كرێكاران و داواكارییە ڕەواكانیان دووپات دەكەینەوە، هەروەها جەختیش دەكەینەوە لەسەر پێویستی پابەندبوونی تەواو بە یاسای كار و دابینكردنی كەشێكی كاركردنی سەلامەت و دادپەروەرانە كە كەرامەت و مافەكانی هەموو كرێكارێك زامن بكات و ژیان و گوزەرانێكی شایستەیان بۆ مسۆگەر بكات.
هەروەها ووتیشی : سڵاو لە گیانی ئەو كرێكارانەی لەسەر كارەكە گیانیان لەدەستداوە، داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین كە بە تەواوی بەرپرسیارێتی خۆیان لە چاودێریكردن و پاڵپشتیكردنی كەسوكار و ئازیزانیان لە ئەستۆ بگرن، هەروەها هەموو هاوكارییەكی پێویستیان بۆ پێشكەش بكەن، لە كۆتاییدا وتی: هیوای پشوویەكی ئارام و سەركەوتنی بەردەوام بۆ هەموو كرێكاران دەخوازم.
لای خۆیەوە فەرهاد ئەتروشی جێگری سەرۆكی پەرلەمان داوای كرد پاڵپشتی هێزی كار بكرێت لە ڕێگەی یاسادانان و بڕیارەكانی حكومەتەوە كە مافەكانی ئەم توێژەی كۆمەڵگە زامن دەكات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە بەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە و ڕایگەیاندووە : فەرهاد ئەمین ئەتروشی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی كرێكارانەوە گەرمترین پیرۆزبایی و هیوای باشی ئاراستەی چینی كرێكار لە عێراق و جیهان كرد، جەختیشی لەوە كردەوە كە كاركردن تەنیا ئامرازێك نییە بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیان و بژێوی ڕۆژانە، بەڵكو بەڵكو ئەركێكی مرۆیی بەرزە بۆ بنیاتنانی شارستانیەت و پەرەپێدانی كۆمەڵگا.
هەروەها ئەتروشی داوای پێویستی پێشكەشكردنی هاوكاری و پاڵپشتی بۆ هێزی كار لە ڕێگەی یاسادانان و بڕیارەكانی حكومەتەوە كە مافەكانی ئەم چینەی كۆمەڵگا زامن دەكات و ژیانێكی شكۆمەندانە مسۆگەر بكات، بۆ ئەوان و بنەماڵەكانیان، چونكە بە دەستی خۆیان بەشدارییان لە بنیاتنانی وڵاتدا كردووە و قوربانییەكی گەورەیان داوە بە درێژایی مێژوو.