🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

واشنتن دوای گەشتێکی سەربازیی بێپێشینە گەورەترین فڕۆکەهەڵگرەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکێشێتەوە

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/04/30 17:05

بەدواداچوون- INA

میدیاکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایانگەیاند کە گەورەترین و پێشکەوتووترین فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی ئامادەیە بۆ جێهێشتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژەیان بەوەش کردووە کە فڕۆکەهەڵگرەکان دوای گەشتێکی مێژوویی و بێوێنە ناوچەکە جێدەهێڵن کە تێیدا بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران کردووە و بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکان دەگەڕێنەوە.

تۆڕی ABC News، لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە: فڕۆکەهەڵگری (USS Gerald R. Ford) بە هاوەڵی سێ کەشتی لەناوبەر (دەمارەبڕ) کە بریتین لە (ماهان)، (وینستن چێرچڵ) و (باینبریدج)، ئەرکەکانیان لە ناوچەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) کۆتایی پێهێناوە و بەرەو بەندەری نۆرفۆلک لە ویلایەتی ڤێرجینیا بەڕێدەکەون.

تۆڕەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم گەشتە بە درێژیی ماوەکەی جیادەکرێتەوە، بەجۆرێک (جێراڵد فۆرد) درێژترین ماوەی بڵاوەپێکردنی سەربازی لە مێژووی فڕۆکەهەڵگرە ئەمریکییەکاندا لە دوای جەنگی ڤێتنامەوە تۆمار کردووە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە فڕۆکەهەڵگرەکە کە بە (قەڵایەکی سەرئاوکەوتوو) وەسف دەکرێت، لە ئەورووپاوە بەرەو دەریای کارایبی و پاشان بۆ دەریای ناوەڕاست جوڵاوە، لەوێشەوە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران بەکارهێنراوە، هەروەها دوو جار چوونەتە ناو ئاوەکانی دەریای سوور.

ڕوونیشیکردەوە، ئامادەبوونی فڕۆکەهەڵگری (جێراڵد فۆرد) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوەپێکردنی دوو فڕۆکەهەڵگری دیکە کە بریتین لە (ئەبراهام لینکۆڵن) و (جۆرج بوش)، ئەمەش یەکەم بڵاوەپێکردنە بەم قەبارەیە لە ساڵی ٢٠٠٣وە، کە تێیدا ویلایەتە یەکگرتووەکان لە یەک کاتدا سێ فڕۆکەهەڵگری لە ناوچەکەدا جێگیر کرد، ئەمەش وەک پەیامێکی بەهێز بۆ نەیارانی واشنتن لێکدرایەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، چاوەڕوان دەکرێت ئەم گرووپە لە کەشتییە جەنگییانە لە ماوەی هەفتەکانی داهاتوودا بگەنە کەناراوەکانی ئەمریکا، دوای ئەوەی ماوەیەکی درێژیان لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەسەر برد، ئاماژەی بەوەش کردووە فڕۆکەهەڵگری (USS Gerald R. Ford) پێشکەوتووترین و گرانترین فڕۆکەهەڵگرە لە مێژووی هێزی دەریایی ئەمریکادا، چونکە تێچووی دروستکردنی نزیکەی ١٣ ملیار دۆلار بووە و توانای هەڵگرتنی زیاتر لە ٧٥ فڕۆکەی جەنگیی هەیە

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)