بەدواداچوون- INA
سەید موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی کردەوە کە بەڕێوەبردنی نوێی گەرووی هورمز، ئارامی و سوود بۆ وڵاتانی کەنداو دەهێنێت.
سەید خامنەیی لە پەیامێکدا بەبۆنەی ڕۆژی کەنداو، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: ئەمریکای دوژمن هۆکاری ناسەقامگیرییە لە ناوچەکەدا، و گەلی ئێران دەستدرێژییەکانی دوژمن قبوڵ ناکات، ئاماژەی بەوەش کرد وەرزی نوێ لە کەنداو و گەرووی هورمز خەریکە دروست دەبێت، و تاران لە چارەنووسێکی هاوبەشدایە لەگەڵ دراوسێکانی لە کەنداو.
وتیشی: تاران ئاسایشی ناوچەی کەنداو دەپارێزێت و کۆتایی بە پێشێلکارییەکانی دوژمن بۆ سەر ڕێڕەوە ئاوییەکە دەهێنێت، ڕوونیشیکردەوە ئەو بیانییانەی خراپە دەکەن جێگەیان نییە تەنها لە قووڵایی ئاوەکاندا نەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد: بوونی ئەمریکا لە خاکی ئەو وڵاتانەی لەسەر ئاوە نێودەوڵەتییەکانن سەرچاوەی سەرەکیی نەمانی ئاسایشە، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە "بەڕێوەبردنی نوێی گەرووی هورمز ئارامی و پێشکەوتن، جگە لە سوودی ئابووری بۆ هەموو وڵاتانی کەنداو دەهێنێت.
هەروەها وتی: شۆڕشی ئیسلامی خاڵی وەرچەرخان بوو لە بەرگریکردن بۆ سەربەخۆیی 'کەنداوی فارسی'، ئاماژەی بەوەش کرد داهاتووی ناوچەکە بەبێ بوونی ئەمریکا دەبێت و لە خزمەت ئاسایش و خۆشگوزەرانیی گەلەکانیدا دەبێت.
ڕوونیشیکردەوە: بنکە وەهمییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ناتوانن ئاسایشی خۆیان بپارێزن، ئیتر چۆن دەتوانن ئاسایشی ئەو وڵاتانە مسۆگەر بکەن کە پاشکۆی ئەوانن